نزیكه‌ی 16 هه‌زار زیندانی له‌ عێراق ئازاد ده‌كرێن

04.01.2026
جەماوەر نیوز

وه‌زاره‌تی دادی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ئازادكردنی 15 هه‌زار و 914 زیندانی له‌ ناوه‌نده‌كانی چاكسازی له‌ ماوه‌ی ساڵی 2025دا ڕاگه‌یاند، له‌ چوارچێوه‌ی ڕێكاره‌ یاساییه‌ په‌سه‌ندكراوه‌كان و دوای ته‌واوبونی پرۆسه‌كانی وردبینی و پێداچونه‌وه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی داد بڵاویكرده‌وه‌ "له‌ نێو ئه‌وانه‌ی ئازادكراون، 10 هه‌زار و 931 زیندانی به‌ پشتبه‌ستن به‌ یاسای لێبوردنی گشتی ئازادكراون دوای ئه‌وه‌ی پشتڕاستیان كرده‌وه‌ كه‌ بڕگه‌كانی یاساكه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، هاوكات چوار هه‌زار و 983 زیندانی دیكه‌ به‌ بڕیاری دادوه‌ری جۆراوجۆر ئازادكراون".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هه‌مو ئازادكردنه‌كان دوای پێداچونه‌وه‌ به‌ دۆسیه‌كان و جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌ یاساییه‌كان ئه‌نجامدراون، هه‌روه‌ها به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، به‌مه‌به‌ستی دڵنیابون له‌ جێبه‌جێكردنی دادپه‌روه‌رانه‌ و وردی یاساكه‌ و پاراستنی مافه‌كانی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ و زیندانییه‌كان".
له‌ 6ی (شوبات/2)ی 2025ه‌وه‌ دادگاكانی پارێزگاكانی عێراق ده‌ستیان كرد به‌ جێبه‌جێكردنی هه‌مواركردنی یاسای لێبوردنی گشتی، به‌پێی بڕگه‌كانی و ئه‌و ڕێنمایانه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری ده‌رچون.

بابەتی هاوشێوە