شەش گرووپی چەکداری عێراق: چەکەکانمان دانانێین

05.01.2026
جەماوەر نیوز
شه‌ش گرووپی چه‌كداری عێراق دەڵێن: چه‌كی بەرگری چه‌كێكی پیرۆزه‌ و هه‌ر قسه‌كردنێك له‌باره‌یه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كەینه‌وه‌، تەنانەت لەبارەی دانانی چەکەوە لەگەڵ حکومەتیش گفتوگۆ ناکەین.
سەبارەت بە هۆشدارییەکانی ئەمریکا بۆ دانانى چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکان و کۆنترۆڵکردنى چەک لە دەستى دەوڵەت، شەش گرووپی چه‌كداری عێراق  پەیامێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
ئەو گرووپانە، پێکهاتوون لە (كه‌تیبه‌كانی سه‌ید شوهه‌دا، كه‌تیبه‌كانی كه‌ربه‌لا، ئه‌نساروڵا ئه‌وفیا، بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با، بزوتنه‌وه‌ی عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق و كه‌تیبه‌كانی حزبوڵا) په‌یامێكی چوار خاڵییان، ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی داهاتووی عێراق كردوه‌.
خاڵی یەکەم، جددیه‌ت ڕه‌چاو بكرێت له‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌ خه‌ڵك قوربانیده‌ره‌كه‌ی عێراق و گه‌ره‌نتی دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی و كۆتایی پێهێنانی بكرێت.
خاڵى دووەم، گرنگى بدرێت به‌و یاسایانه‌ی كه‌ “خزمه‌ت به‌ وڵاته‌كه‌ ده‌كه‌ن و شكۆی گه‌لی عێراق ده‌پارێزن” به‌تایبه‌ت په‌سه‌ندكردنی یاسای حه‌شدی شه‌عبی.
له‌ خاڵی سێیه‌میشدا ئەو گرووپانە داوایان كردووه‌، كۆتایی به‌ هه‌موو جۆره‌كان بوونی هێزی بیانی داگیركه‌ر له‌سه‌ر خاكی عێراق و ئاسمانی بهێنرێت و ڕێگری له‌ هه‌ر دزه‌كردنێكیشی بگیرێت ئیدی له‌ژێر ناوی سیاسی یان ئه‌منی یاخود ئابووریدا بێت.
له‌ خاڵی كۆتاییدا هاتووە، جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ چه‌كێكی پیرۆزمان هەڵگرتووە،‌ به‌تایبه‌ت له‌ وڵاتێكدا كه‌ هێشتا داگیركه‌ر هه‌یه‌، ئه‌م چه‌كه گه‌ره‌نتیكار و زەمانەتى به‌رگریكردنە له‌ خاك و پیرۆزییه‌كان.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێمه‌ هه‌ر قسه‌كردنێك له‌باره‌ی ئه‌م چه‌كه‌وه‌ له‌لایه‌ن، لایه‌نه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها هیچ گفتوگۆیه‌كیش له‌باره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق ناكه‌ین، ته‌نیا ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ سه‌روه‌ریی ته‌واوه‌تی وڵات به‌دی دێت و ڕزگاری ده‌بێت له‌ هه‌ر جۆرێك له‌ جۆره‌كانی داگیركه‌ر و هه‌ڕه‌شه‌كانی.
ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە ئەم مانگە مارک ساڤایا نوێنەرى ترەپ لەعێراق بگاتە بەغداد و دەستبەکاربێت، پێش هاتنى بەتوندى داواى چەکداماڵینى گرووپە چەکدارەکانى کرد، ئەمەش کاردانەوەى جدی لێکەوتەوە و لە ڕێگەى تویتەوە چەندجارێک وەڵامی یەکتریان دایەوە.

بابەتی هاوشێوە