وه‌زیرێكی عێراق سكاڵا له‌سه‌ر ته‌یف سامی تۆمارده‌كات

05.01.2026
جەماوەر نیوز
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵا لەسەر تەیف سامی، وەزیری دارایی تۆمار دەکات، بە پاساوی ئەوەی بڕگەیەکی یاسایی بودجەی لەبارەی وەزارەتەکەیەوە جێبەجێ نەکردووە.

دادگەی باڵای فیدراڵی 20ی کانوونی دووەمی 2026ی دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی یەکەم دانیشتن لەبارەی ئەو سکاڵایە.

لە سکاڵاکەی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدا داوا لە دادگەی فیدراڵی کراوە تەیف سامی، وەزیری دارایی ناچار بکرێ بڕگەی یەکەمی مادەی 38 لە یاسایی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 جێبەجێ بکات.

بەگوێرەی ئەو بڕگەیەی یاسای بودجە، پێویستە 3%ی داهاتی سندووقی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خەرج بکرێت.

جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی دارایی فیدراڵی قەرزداری زۆربەی وەزارەتەکانە بەهۆی کێشەی کەمیی نەختینەوە.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی عێراق، خەرجیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لە 9 مانگی سەرەتای ساڵی 2025 گەیشتووەتە 8.4 ترلیۆن دینار کە 4.5 ترلیۆن دیناری بۆ مووچە و هاوکارییە داراییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بووە.

جەمال کۆچەر رایگەیاند، لە یاسایی بودجەدا خەرجیی خەمڵێندراو هاوتای کورتهێنانە، بۆیە سکاڵا تۆمارکردن لەسەر یاسای بودجە ئەستەمە.

رۆژی 01-01-2026 بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بە رووداوی گوت، "وەزارەتەکەی من زۆر قەرزدارە. تەیف سامی شەش مانگە یەک فلسی بە من نەداوە، بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلەکانی خۆم و پاسەوانەکانم، خۆم دەیکڕم. پارەی چای و ئاوی میوانان خۆم دەیدەم. حکومەتی عێراق پارەی نییە."

بابەتی هاوشێوە