ئامارێکی مەترسیداری گیان لە دەستدان ئاشکرا کرا

06.01.2026
جەماوەر نیوز
پزیشگی دادی سلێمانی ئاشكرایده‌كات، یه‌ك له‌سه‌ر چواری حاڵه‌ته‌كانی گیانله‌ده‌ستدان له‌ساڵی ڕابردوودا به‌هۆی ڕووداوی هاتوچۆوه‌ بووه‌‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ خێرایی شۆفێران ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.
د. به‌ختیار ڕه‌شید، پزیشكی دادوه‌ری له‌به‌رنامه‌ی (ڕۆژانه‌ی ترافیك)ی ڕادیۆی هاتوچۆ ڕایگه‌یاند: له‌ساڵی 2025 -دا 835 حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان له‌پزیشكی دادی سلێمانی تۆماركراوه‌‌و له‌و ڕێژه‌یه‌ش 226 حاڵه‌تیان به‌ڕووداوی هاتوچۆوه‌ بووه‌، كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر چواری گیانله‌ده‌ستدانه‌كان‌و زۆرترین حاڵه‌تیش له‌مانگی 11 دا بووه‌ كه‌ 29 حاڵه‌ته‌.
ئه‌و پزیشكه‌ دادوه‌رییه‌ ئاشكراشیكرد، له‌ حاڵه‌ته‌كانی گیانله‌ده‌ستدان به‌ڕووداوی هاتوچۆ 183 له‌ ڕه‌گه‌زی نێر‌و 43 ڕه‌گه‌زی مێ بوون، هاوكات 34 حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی ماتۆرسكیل‌و 31 حاڵه‌ت پیاده‌ڕه‌‌و ‌و 161 حاڵه‌تیش به‌هۆی ڕووداوی ئۆتۆمبێله‌وه‌ بووه‌.
د. به‌ختیار ڕه‌شید قادر پزیشكی دادوه‌ری هۆكاری ڕووداوه‌كانی هاتوچۆی بۆ خێرایی شۆفێران گێرایه‌وه‌‌ و وتیشی: “زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ زه‌بر‌و زیانی زۆر به‌ر سه‌ریان كه‌وتووه‌‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ نه‌به‌ستنی پشتێنی سه‌لامه‌تیی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌”.

بابەتی هاوشێوە