شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

06.01.2026
جەماوەر نیوز
شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانبارین بەچەند قۆناغێکی جیاواز ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، هەڤاڵ سدیق شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، لەڕۆژی هەینی داهاتووەوە شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانبارینی مامناوەند و بارانی بەخوڕ هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەگرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و دهۆک و سۆران و ڕاپەڕین و سلێمانی و هەورامان بەفربارین دەستپێدەکاتەوە و لە ناوچە دەشتاییەکانی هەولێر و کەرکووک و گەرمیان ئەگەری بارانبارینی مامناوەند هەیە.
کەشناسەکە ڕاشیگەیاند لە بەشێک ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ بۆ بارانی بەلێزمە هەیە و لە هەندێک شوێن و ناوچەشدا ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو هەیە.
هەڤاڵ سدیق ڕاشیگەیاند، قوناغی دووەمی شەپۆلەکە دووشەممەی داهاتوو دەستپێدەکات و بەهۆی قوڵبوونەوەی بارستە هەوایەکی چڕی ساردی سیبیریا لە بەشێکی زۆری ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستاندا و ئەگەرهەیە لە بەشێک لەناوچە نزمەکانیش بەفر ببارێت.
ئاماژەشیدا بەوەی پێشبینی دەکرێت قۆناغی سێیەمی شەپۆلەکە ڕۆژانی 16-18ی ئەم مانگە ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام جێگیر نییە.

بابەتی هاوشێوە