سەلاحەدین دەمیرتاش سزای ساڵێک و 5 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا

06.01.2026
جەماوەر نیوز
14یەمین دادگای سزای ئەسڵییەی مێرسین، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار"، سزای ساڵێک و پێنج مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردنی بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)دا سەپاند.

ئەمڕۆ دانیشتنی دادگە بۆ بڕیاردان لەو دۆسیەیەدا بەڕێوەچوو کە تێیدا سەلاحەدین دەمیرتاش بەهۆی گوتارەکانی لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2016، بە تۆمەتی 'سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار' دادگایی دەکرا.

دەمیرتاش کە ئێستا لە زیندانی ئەدیرنە بەندکراوە، بەشداریی لە دانیشتنی دادگای مێرسین نەکرد و تەنیا پارێزەرانی لەوێ ئامادە بوون.

سزای زیندانیکردن

دادگا بە پاساوی ئەوەی دەمیرتاش لە گوتارەکانیدا لە شارەکانی مێرسین و ئامەد، تاوانی 'سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار'ی ئەنجامداوە، سزای ساڵێک و پێنج مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردنی بۆ بڕییەوە.

پارێزەرانی دەمیرتاش ئاماژەیان بەوە کرد، بەهۆی ئەو داواکارییانەی لە دانیشتنی پێشوودا پێشکەشی دادگایان کردبوو، نەیانتوانیوە بەرگرییەکانیان لە دژی رای داواکاری گشتی ئامادە بکەن، بۆیە داوای مۆڵەتی زیاتریان کرد، بەڵام دادوەر بەو پاساوەی کە پێشتر کاتی پێویست دراوە، داواکارییەکەی رەتکردەوە.

لەسەر ئەم بڕیارە، پارێزەران رایانگەیاند، مافی 'دادگاییکردنی دادپەروەرانە' پێشێل کراوە و داوای 'رەتکردنەوەی دادوەر'یان کرد، بەڵام ئەم داواکارییەش لەلایەن دادوەرەوە پەسند نەکرا.

دادگا لە بڕیارەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو، داواکارییەکەی دەمیرتاش بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنەکەدا، بە "پاساوی ئەمنی" رەتکراوەتەوە.

بابەتی هاوشێوە