سودانی: خەڵکی کوردستان مەزڵومە و لەبێ مووچەییدا دەناڵێنێت

06.01.2026
جەماوەر نیوز
دوابەدوای سەردانی دوێنێی شاندی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ لای سەرۆك وەزیرانی عێراق، چەند زانیارییەكی دیكە دەربارەی كۆبوونەوەكە و هەڵوێستی سودانی لەسەر مووچە و داهاتی هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكرێت.
دوێنێ‌ شاندێكی یەكگرتووی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی هادی عەلی لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی كۆبووەوە و 5 داواكاری دەربارەی پرسی نەوت و مووچە و كۆچبەران و پارەی جوتیاران خستە بەردەم سەرۆك وەزیرانی عێراق.
د. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتار و ئەندامی شاندەكەی یەكگرتوو قسەكانی سودانی سەبارەت بە پرسی داهات و مووچەی خەڵكی كوردستان ئاشكرادەكات.
بەپێی وتەی د. موسەننا ئەمین، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق وتویەتی، “لە 3 ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 18 تریلیۆن دینار زیاتر لە مافی شایستەی هەرێمی کوردستان نێردراوە”.
وتوشیەتی، “بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان هەندێکجار لە یاسا لایانداوە، چونکە زانیویانە خەڵکی کوردستان مەزڵومە و لەبێ مووچەییدا دەناڵێنێت”.
ئاشكراشی كردووە، بەپێی راپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لەوەی رادەگەیەندرێت، کەچی هەرێمی کوردستان داهاتی ئەو دوو مانگەی (11 و 12) رادەست نەکردووە.
سودانی وتوشیەتی، “بودجەی 2023، 2024 و 2025 قوفڵ بووە و حکومەتیش ئێستا کاربەڕێکەرە، بۆیە چارەسەری هەردوو مووچەی مانگەكانی 11 و 12 ی 2025 دەبێت بکەوێتە نێو بودجەی ساڵی 2026ەوە”.

بابەتی هاوشێوە