حكومەتی هەرێم ڕاگەیەنراوێكی لەسەر مووچە بڵاوكردەوە

06.01.2026
جەماوەر نیوز
حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، زیاتر لە 19 ملیۆن بەرمیل نەوتمان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ ناردووە، بەڵام دروستکردنی گرفت بۆ ناردنی مووچە هەر بەردەوام بووە و دەشڵێت: “پارساڵ 919 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی کراوە”.
حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لەدوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە کۆتاییەکانی 2025، بری 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە كراوە و بڕی 919 ملیار دیناری لە داهاتی نانەوتیش ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی کراوە ، جەخت دەكاتەوە بەڵام دروستکردنی گرفت بۆ ناردنی مووچە لە ساڵی 2025 هەر بەردەوام بووە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە سودانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی یەكگرتووی ئیسلامی وتویەتی، “لە 3 ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 18 تریلیۆن دینار زیاتر لە مافی شایستەی هەرێمی کوردستان نێردراوە” و وتوشیەتی: داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لەوەی رادەگەیەندرێت، کەچی هەرێمی کوردستان داهاتی ئەو دوو مانگەی (11 و 12) رادەست نەکردووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاویكردەوە:” بەپێی داتاکان، کۆی شایستەی دارایی هەرێم بۆ هەر سێ ساڵی دارایی (2023 – 2024 – 2025) گەیشتووەتە 58.3 ترلیۆن دینار، بەڵام ئەوەی بە کردەیی بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە لە 24.3 ترلیۆن دینار تێپەڕی نەکردووە، کە دەکاتە 41%ی مافە داراییەکان و ئەمەش تەنیا %3.9ی کۆی بودجەی عێراقە”.
لە ماوە سێ ساڵی ڕابردوودا، لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق، لە 21ـی حوزەیرانی ساڵی 2023، کە بۆ هەر سێ ساڵی دارایی (2023 – 2024 – 2025) بوو، تیایدا پشکی هەرێمی کوردستان، دوای چەندین گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، دیاری کرا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت دەكاتەوە: “جیاوازیی نێوان شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەوەی بە کردەیی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا خەرج کراوە، بە قەبارەیەکی گەورە خەمڵێندراوە و هەرێم ڕووبەڕووی “گەمارۆی وەبەرهێنان” و “کەلێنی گەورەی دارایی” کراوەتەوە”.
ئاشكراشی كردووە: “هەروەها سەرەڕای تەرخانکردنی بڕی 165 ترلیۆن دینار لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ خەرجییەکانی وەبەرهێنان، پشکی هەرێم سفڕبووە، کە بووەتە هۆی فشار بۆ پەکخستنی پڕۆژەکانی ژێرخان لە هەرێمی کوردستان”.
راشیگەیاندووە:”لەلایەکی دیکەوە، لە دۆسیەی نەوتدا، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە ئاداری 2023، 25 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی عێراق گەیاندووە. کە لەدوای دەستپێکردنەوەی هەناردە لە کۆتاییەکانی 2025، حکومەتی هەرێم 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای “سۆمۆ” ناردووە، بەڵام دروستکردنی گرفت بۆ ناردنی مووچە لە ساڵی 2025 هەر بەردەوام بووە.

بابەتی هاوشێوە