محەممەد حاجی مەحموود هۆشداری دەداتە لایەنە کوردییەکانی بەغدا

06.01.2026
جەماوەر نیوز
محەممەد حاجی مەحموود هۆشداری دەداتە لایەنە کوردییەکانی بەغدا
محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، هۆشداری دەدات لەوەی پەرت بوونی دەنگی لایەنە کوردییەکان، ڕێگە بۆ پێکهاتەکانی دیکە خۆش دەکات پۆستی سەرۆککۆمار لە دەستی کورد دەربهێنن.
لە کاتێکدا ململانێکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق چڕ بوونەتەوە، محەممەد حاجی مەحموود  ئەزموونی سوودانی و عەبادی وەک سەردەمێکی دژوار بۆ کورد وەسف دەکات. ئەو پێیوایە پاشەکشەی مافە دەستوورییەکانی هەرێم لەم ساڵانەی دواییدا، ئەنجامی سیاسەتە نەیارانەکانی ئەو دوو سەرۆکوەزیرانە بووە.
محەممەد حاجی مەحموود رایگەیاند  عادل عەبدولمەهدی باشترین سەرۆکوەزیران بوو لە عێراقدا، بەڵام عەبادی و سوودانی دژایەتیی کوردیان کرد بە ڕاگرتنی نەوت، مووچە و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان. سوودانی دەیەوێت ببێتەوە سەرۆکوەزیران، بەڵام پێموایە دووبارە ئەو پۆستە نابینێتەوە.
سەبارەت بە سەرۆککۆماریش وتی؛ بەپێی عورفی سیاسی ئەو پۆستە مافی کوردە، بەڵام ئەمجارە بەهۆی ناکۆکی کورد لە نێوان خۆیاندا عەرەبەکانیش کاندیدیان هەیە، هیوادارم کورد یەکگرتوو بێت تاوەکو ئەو پۆستە وەربگرێتەوە
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ 81 کەس بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید بوون، کە ژمارەیەکی بەرچاویان عەرەبن
ئەم گۆڕانکارییە لە عورفی سیاسی دا، ئەو مەترسییە دەسەلمێنێت کە حاجی مەحموود ئاماژەی پێ کردووە واتە ئەگەر کورد نەگاتە یەک کاندیدی هاوبەش، ڕەنگە پۆستەکە لە دەستی پێکهاتەی کورد بچێتە دەرەوە.

بابەتی هاوشێوە