هێرشی گرووپە چەكدارەكانی سووریا و توركیا بۆ سەر كوردانی ڕۆژئاوا دەستی پێكردەوە

06.01.2026
جەماوەر نیوز
گرووپە چەكدارەكانی دیمەشق و تورکیان ئاگربەستیان پێشێل کرد و هێرشیان بۆ سەر ناوچە کوردییەكان دەستپێكرد و هەسەدە وەڵامیان دەداتەوە.
گرووپە چەكدارەكان، كە بە (عەمشات و حەمزە) ناسراون ناوەندی ماڵە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج بەم هۆیە ژمارەیەک منداڵ و ئافرەتی کورد بریندارن و تەنانەت بۆردومانی مزگەوتی حەسەن-ی لە نزیک ناوچەی عەوەرید لە بەشی ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی شێخ مەقسوود، کرد.
چەکدارانی حکومەتی سووریا بە قورسی تۆپبارانی گەرەکە کوردییەکانی حەلەب دەکەن. لە ئەنجامی هێرشەکان چەند هاوڵاتییەکی سڤیل برینداربوون.
بەپێی تۆمارە ڤیدیۆییەكان، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئەحمەد شەرع بە هاوکاری تورکی داگیرکەر جوڵەیان بە هەلیکۆپتەری سەربازی کردوە لە ئاسمانی حەلەب دژی کورد.
له ناوەندی حەلەب گرووپە چەكدارەكان بە کۆمەڵێک هاوەن و تۆپهاوێژ گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشڕەفیە بۆردوومان دەکەن.
لای خۆشیانەوە، شەڕڤانانی هەسەدە وەڵامی دەستدرێژییەکانیان دایەوە بەم هۆیە چوار چەكداری سەر بە سووریا کوژران و ئاژانسی (AFP) پشتراستی کردەوە و دەڵێت: ژمارەکان زیاترن و خاڵێکی سەربازی چەكدارەكانیان کردە ئامانج.
بەپێی ئاماری دامەزراوەی تەندروستی خۆسەری، بەهۆی هێرشەكانی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق تا ئێستا كەسێك كوژراوە، كە ژنە لە گەڕەكی (بن زەید) بەناوی (فاتیمە حەمادە تەمەن 41 ساڵ) و 17 كەسی دیكەش بریندارن.
ئیدارەی خۆسەر سەبارەت بە هێرشەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: حکومەت جدی نییە لە یەکخستنی سووریا و هێرشەکان ڕێگری لە یەکلاکردنەوەی کەیسەکان دەکەن.
دەشڵێت: زیادبوونی گرژیەکان دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە.
وێنەی فاتیمە حەمادە، كە بە بۆردومانی گرووپە چەكدارەكان شەهید بووە:

بابەتی هاوشێوە