نەوت و کانزاکانی سلێمانی: نەوتی پێویستمان لەبەر دەست نییە

07.01.2026
جەماوەر نیوز
وتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند، نەوتی پێویستیان بۆ دابەشکردن بەسەر سەنتەری شارەکاندا لەبەردەستدا نییە و چاوەڕێی گەیشتنی بڕی پێویستین، دەشڵێت، بڕیارە حکومەتی عێراق بڕی 20 ملیۆن لیتر نەوت بۆ پارێزگاکان بنێرێت و لەگەڵ گەیشتنیشیدا دەست بەدابەشكردنی دەکەین.
سەلام عومەر، وتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە میدیای فەرمی یەکێتی ڕاگەیاند: “تائێستا زیاتر لە 61 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر هاووڵاتییانی ناوچە شاخاوییەکانی دەرەوەی شار و پارێزگای هەڵەبجەدا دابەشکراوە، بەڵام نەوتی پێویستمان بۆ دابەشکردن بەسەر سەنتەری شارەکاندا لەبەردەستدا نییە و چاوەڕێی گەیشتنی بڕی پێویستین”.
وتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی باسی لەوەشکرد: دواکەوتنەکە هەر لە سلێمانی نییە، بەڵکو لە هەولێر و دهۆکیش نەوت دابەشنەکراوە، هاوکات لە مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە نووسراومان ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە بۆ تەرخانکردنی نەوت بەسەر سەنتەری شارەکاندا، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو: بڕیارە حکومەتی عێراق بڕی 20 ملیۆن لیتر نەوت بۆ پارێزگاکان بنێرێت، لەگەڵ گەیشتنیشیدا دەست بەدابەشكردنی دەکەین”.
ئەمەش لەکاتێکدایە، هەر بەرمیلێک نەوت کە دەکاتە 200 لیتر، بە نرخی 104 هەزار دەدرێت بە هاووڵاتییان و لەمساڵدا پرۆسەی دابەشکردن لە ناوچەکانی دەرەوەی سەنتەری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەردەوام بووە و بەهۆیەوە 305 هەزار و 405 خێزان لەو ناوچانە سوودمەند بوون و 61 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە.

بابەتی هاوشێوە