هیچ هۆكارێكی ڕاسته‌قینه‌ بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ نییه‌!

07.01.2026
جەماوەر نیوز
سه‌رۆكی لقی سه‌ندیكای زێڕنگەران نیگه‌رانه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ له‌ هه‌رێمی كوردستان و باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ هیچ هۆكارێكی ڕاسته‌قینه‌ بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ نییه‌!
هه‌ندرێن وه‌رتی، سه‌رۆكی لقی سه‌ندیكای زێڕنگەرانی هه‌ولێر ڕايگه‌یاندووە، ئه‌مڕۆ له‌ بازاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان مسقاڵێك زێڕی عه‌یار 21 به‌ 915 هه‌زار دینار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه‌ و چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستاش نرخه‌كه‌ی ڕیكۆردێكی مێژوویی شكاند و بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی گه‌یشته‌ 940 هه‌زار دینار، كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ به‌م شێوه‌یه‌ نرخی زێڕ به‌رز ده‌بێته‌وه‌.
وتیشی، هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ دیار نییه‌ و ئه‌و هۆكارنه‌ی كه‌ هه‌ن بچووكن، بۆ نموونه‌ ئاڵۆزییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سووریا و یه‌مه‌ن و سعودییه‌ و ئێران هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مانه‌ نابنه‌ هۆكارێكی ڕاسته‌قینه‌ی متمانه‌پێكراو تا به‌م شێوه‌یه‌ نرخی زێڕ بگاته‌ ئه‌م ئاسته‌ پێوانه‌یی و مێژوویییه‌.
هه‌ندرێن وه‌رتی دەشڵێت: به‌شێك له‌ بانكه‌ گه‌وره‌ و زلهێزه‌كانی جیهان تێوه‌گلاون له‌ ناجێگیربوونی نرخی زێر و گه‌یشتنی به‌م ڕۆژه‌، دیار نییه‌ له‌پێناو چ مه‌به‌ست و ئامانجێك ده‌ستكاری نرخی زێر ده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان مسقاڵێك زێری عه‌یار 21 له‌نێوان 913 تا 915 هه‌زار دینار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه‌، مسقاڵێك زێری عه‌یار 22 به‌ 957 هه‌زار دینار و مسقاڵێك زێری عه‌یار 18 به‌ 785 هه‌زار دینار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه‌.

بابەتی هاوشێوە