بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود چاویکەوت بە ژمارەیەک لێکۆڵەری بەریتانی

07.01.2026
جەماوەر نیوز
بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود چاویکەوت بە ژمارەیەک لێکۆڵەری بەریتانی
ئەمڕۆ ۷ـی کانوونی دووەمی ۲٠۲٦ بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود، لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی شادمان ڕۆستەم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکان، پێشوازیکرد لە دکتۆر زەینەب کایا و دکتۆر ماتیۆ وایتنگ، کە بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی لەسەر پرسی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان سەردانی هەرێمی کورستانیان کردووە.
لە دیدارەکەدا، بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود بە وردی تیشکی خستە سەر بارودۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان لەبەدرە و جەسانەوە تا وەکو شنگال لە قۆناغە جیاجیاکاندا، کە چۆن هەوڵی شێواندنی دیموگرافیای ئەو ناوچانەیانداوە و عەرەبیان لە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە هێناوەتە و قەزا و ناحیە و گوندی نوێیان بۆ دروست کردوون بەمەبەستی زیادکردنی نفوسیان، هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا هەڵمەتی بە عەرەب کردن و ڕاگواستنی کورد وەک نەتەوەی ڕەسەنی ناوچەکە بەردەوام بووە، لەپاش پرۆسەی ئازادی عێراقیش کە کورد بە ئومێدێکی زۆرەوە لەو ناوچانە لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی خاک و مافە زەوتکراوەکانیدا بوو، بەڵام بەداخەوە تا ئەمڕۆ ئەو جۆرە سیاسەتە شکستخواردووە بەردەوامە، ئەمە وێڕای ئەوەی کە لە دەستوری عێراقدا لە چەند ماددە و بڕگەیەکدا بەڕوونی باس لەگێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف کراوە.
لەبەشێکی تری دیدارەکەدا، بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود باس لەو دیمەنانە کرد کە هێزە ئەمنییەکان دوور لە ئەرکی پیشەیی خۆیان و بەها مرۆڤایەتییەکان، هەوڵی دوورخستنەوەی جوتیارانی کورد دەدەن لەسەر خاک و ئاوی خۆیان لەو ناوچانە.
لەکۆتایی دیدارەکەدا، بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود تەئکیدی کردەوە کە سەرەڕای هەموو فشارەکان و بەکارهێنانی سیاسەتی ئاگر و ئاسن، ئەو ناوچانە خاکی ڕەسەنی کوردن و هەر بە کوردستانی دەمێننەوە، دواتر بەرگی پێنجەمی ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەکی پێشکەش بە هەردوو لێکۆڵەر کرد.

بابەتی هاوشێوە