شەپۆلێكی بەفر و بارانبارین ڕو لە هەرێمی كوردستان دەكات

11.01.2026
جەماوەر نیوز

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، لە ئێوارەی سبەی دوشەممەوە شەپۆلێكی بەفر و بارانبارین ڕو لە تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک ئەگەری بەفری هەیە، هەروەها پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئێوارەی ڕۆژی دوشەممە کاریگەری شەپۆلێكی بەفر و بارانبارین دەستپێدەکات تا شەوی چوارشەممە و کاتەکانی بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە کۆتایدێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەفربارین لە سەر شاخە بەرزەکان ئەو ناوچانەی بەرزیان لە هەزار مەتر لە ئاستی روی دەریا بەرزترە بەفری دەبێت لە ماوەی کاریگەری ئەم شەپۆڵە. سەنتەری پارێزگاکانی (سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک) ئەگەری بەفری دەبێت لە ڕۆژی چوارشەممە. 
بەگوێرەی كەشناسی هەرێم، شێوازی دابارین، نمە بارانی بەردەوام و هەندێ کات لێزمە بارانی دەبێت بە تایبەت سنوری ئیدارەی زاخۆ و ڕاپەڕین. لەگەڵ بارانبارین هەندێكات هەورە تریشقەش دەبێت و خێرای با لە ڕۆژی سێشەممە زیاد دەکات بۆ سەروی 25کم لە کاتژمێرێکدا، پلەکانی گەرما لە ڕۆژی چوارشەممە زیاتر نزم دەبێتەوە.

بابەتی هاوشێوە