ئاسایشی ناوخۆی حەلەب: بەرخۆدانمان بەردەوامدەبێت

11.01.2026
جەماوەر نیوز
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رایدەگەیەنێت، لەمەودوا، هێزەکانمان بەبێ دوودڵی بەردەوامدەبن لە خەبات و بەرخۆدان بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلەکەمان.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب بەیاننامەیەکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە 6ـی 1ـی 2026ـەوە، هێزە بەکرێگیراوەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی دیمەشق، بە پاڵپشتیی فڕۆکە سیخوڕییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بە کەڵکوەرگرتن لە دەبابە، تۆپخانە، زرێپۆش و هەموو جۆرە چەکێکی قورس، جگە لە بڵاوەپێکردنی هەزاران چەکدار، هێرشێکی دڕندانەیان بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود، دەستپێکرد.
دەشڵێت، لەم هێرشانە، ئامانج ئەوە بوو، کە کەرامەتی گەلەکەمان بشکێندرێت، مەترسیی لەناوچوونی کورد لە گەڕەکە کوردنشینەکان دروستبکرێت و پێکهاتەی دیمۆگرافیی ناوچەکە بگۆڕدرێت. بەڵام هێزەکانمان بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی گەل لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، بڕیاریاندا بەرەنگاریان ببنەوە و بەرگری لە کەرامەتی خۆیان بکەن.
ئەوەش هاتووە، “لەسەر ئەو بنەمایە، بەرخۆدان دەستیپێکرد و تێکۆشەرانی ئێمە بە ژن و پیاوەوە، بە بێ دوودڵی گیانی خۆیان پێشکەشکرد بۆ بەرگریکردن لەو گەڕەکانە و کەرامەتی گەلەکەمان. لە هیچ بارودۆخێکدا پاشەکشەمان نەکرد و خۆڕادەستکردنیشمان قبوڵنەکرد. لە کاتێکی دیاریکراویشدا، زانیاری لەبارەی ناسنامەی شەهیدانمانەوە بڵاودەکەینەوە”.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب باس لەوەشدەکات، “لەم قۆناغەی شەڕدا، گەلەکەمان کەوتە بەر هێرشی دڕندانە و لە ئەنجامدا، ژمارەیەکی زۆر بریندار و شەهیدمان دا. بریندارەکان گواسترانەوە بۆ تاکە نەخۆشخانەی گەڕەکەکە، کە نەخۆشخانەی خالید ئەلفەجرە، بەڵام میلیشیاکان دەیان جار ئەم نەخۆشخانەیەیان کردەئامانج بە چەکی قورس، لەنێویاندا درۆنی بایراکتەری تورکیا، بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لەناو ئەو نەخۆشخانەیە”.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “لە کۆتاییدا بۆ رێگریکردن لە کۆمەڵکوژییەکان و دڵنیابوون لە سەلامەتیی بریندارەکان، هاوڵاتییانی مەدەنی و ژنان و منداڵ، ئاگربەستێکی کاتیی راگەیەندرا و ئەو کەسانە گواسترانەوە بۆ ناوچە پارێزراوەکان. هێزەکانمان بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە لە نزیکەوە چاودێرییان دەکرد، تا ئەوکاتەی نەخۆشخانەکە برینداری تێدا نەما و سەرجەمیان گواسترانەوە. لەمەودوا هێزەکانمان بە بێ دوودڵی، بە شوێنپێی شەهیدەکانمان بەردەوامدەبن لە بەرگریکردن لە ئیرادەی ئازاد و کەرامەتمان. بەرخۆدان و خەبات بەردەوامدەبێت، بە بەکارهێنانی هەموو شێواز و ئامرازە بەردەستەکان

بابەتی هاوشێوە