سەرمایەک روومان تێدەکات کە چەندین ساڵە وێنەی نەبووە

12.01.2026
جەماوەر نیوز
شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان چەند هەفتەیەکی زۆر سارد بەخۆیەوە دەبینێت کە چەندین ساڵە وێنەی نەبووە.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە رۆژی چوارشەممە، 14ی کانونی یەکەمی 2026، هەرێمی کوردستان ماوەیەکی درێژخایەن لەگەڵ شەپۆلەکانی سەرمادا بەڕێدەکات کە چەندین ساڵە وێنەی نەبووە، یەکەم شەپۆلی سەرما لەگەڵ ئەم شەپۆلی بەفر و بارانەدا لە چوارشەممەوە دەستپێدەکات، کە کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باکوورە و لە وڵاتانی ئەوروپاوە ناوچەکانمان دەگرێتەوە، کاریگەریەکانی تا رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوامدەبێت.
وتیشی، دوابەدوای ئەوە، پێشبینیدەکرێت لە رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆی سیبیریا لە روسیاوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و باکووری ئێران درێژببێتەوە، کە شەپۆلێکی وشکەسەرما لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە ناوچەکەوە، لەگەڵ ئەگەری چالاکبوونی بای باکووری رۆژهەڵات و نزمبوونەوەی زیاتری پلەی گەرمی.
ئەوەشی خستەڕوو، چاوەرواندەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە کاریگەریەکانی بەردەوامبێت، ئەمەش ماوەیەکی زۆرە بۆ بەردەوامبوونی شەپۆلێکی سەرما لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان و چەندین ساڵە ناوچەکە سەرمای بەو جۆرە ماوەدرێژی بەخۆیەوە نەبینیوە.

بابەتی هاوشێوە