وەزیری پەروەردە: هەزار قوتابخانە دەکرێنە دیجیتاڵی

13.01.2026
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ سێشەممە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندنی قۆناغی سێیەمی کارپێکردنی پلاتفۆڕمی دیجیتاڵی “قوتابخانەکەم”ی ڕاگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ “دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن” جێبەجێ دەکرێت.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە مەراسیمەکەدا ڕایگەیاند، “لەگەڵ بەردەوامی سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ کەرتی پەروەردە، کارمان کردووە بۆ ئەوەی قوتابخانەکانیش بەهەمان شێوە بە ئەلیکترۆنی بکرێن بەتایبەتی لە پۆلی دیجیتاڵیدا، ئێستا 40 قوتابخانه لە خوێندنی حکومی کراونەتە دیجیتاڵی و ئەمساڵیش تا کۆتایی ساڵ، هەزار قوتابخانە دەکرێنە دیجیتاڵی”.
وەزیری پەروەردە باسی لەوەشکرد کە وەزارەتی پەروەردە کۆمەڵێک هەنگاوی دیکەی ناوە بۆ قوتابخانەکان وەک سیستمی وزەی خۆر بۆ کارەبا و بەیەکەوەبەستنەوەی نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندن و وانە و مامۆستایان لێی سوودمەند دەبن. ئەوە جگە لە دەستەبەرکردنی زیرەکی دەستکرد بۆ قوتابیان.
وەزیری پەروەردەی هەرێم وتیشی، “لەڕێگەی ڕێکخراوی یونسکۆوە لەگەڵ زانکۆی کۆلۆڕادۆی ئەمریکی ڕێککەوتووین بۆ هەماهەنگی زانستی و پەرەپێدان، بەتایبەتی لە تاقیگەکاندا کە ئەوە ئەرکێکی قورس بوو لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی كوردستان. بەڵام لەو چوارچێوەیەدا بەخۆرایی تاقیگەکانمان بۆ ئامادە دەکەنەوە”.
پلاتفۆڕمی (ئی قوتابخانەکەم) سیستمێکی ئەلیکترۆنی پەروەردەییە کە هاوکاری قوتابیان و مامۆستایان دەکات لە فێرکردن و دەستگەیشتن بە زۆرترین سەرچاوەی پەروەردە و فێرکردن.

بابەتی هاوشێوە