د.عه‌لی قه‌ره‌داغی بانگه‌وازێك ئاڕاسته‌ی هه‌سه‌ده‌ و حكومه‌تی دیمه‌شق ده‌كات

15.01.2026
جەماوەر نیوز

د.عه‌لی قه‌ره‌داغی، ئه‌مینداری گشتی یه‌كێتی زانایانی موسوڵمانی جیهان له‌ بانگه‌وازێكدا داوا له‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) و حكومه‌تی دیمه‌شق ده‌كات، شه‌ڕ و خوێنڕشتن رابگرن و كێشه‌كان به‌ گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و راشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئاماده‌یی خۆم نیشانده‌ده‌م بۆ خستنه‌گه‌ڕی هه‌وڵی زیاتر له‌پێناو ڕاگرتنی شه‌ڕ و به‌شداریكردن له‌ به‌دیهێنانی ئاشته‌وایی و جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌ردولا".

د.عه‌لی قه‌ره‌داغی له‌په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "داوا له‌ هه‌مو لایه‌نه‌كانی سوریا ده‌كه‌م، تكایه‌ شه‌ڕ و كوشتار وه‌لابنێن، خوێنڕشتن ڕاگرن، له‌ پێناو ئاشته‌وایی گشتگیر و بونیادنانی سوریایه‌كی نوێ، هه‌روه‌ها پابه‌ندبن به‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ی له‌ نێوان حكومه‌ت و هه‌سه‌ده‌ واژۆكراوه‌، په‌له‌ بكه‌ن له‌ جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی به‌ نیازێكی پاك و له‌ چوارچێوه‌ی سوریایه‌كی یه‌كگرتو، كه‌ مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كوردی تێدا ده‌سته‌به‌ركرابێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئه‌مه‌ ئه‌ركێكی شه‌رعییه‌، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌ركێكی نیشتمانی و مرۆییه‌، چونكه‌ ئاشته‌وایی خێره‌، به‌ڵكو فه‌تحێكی ڕون و مایه‌ی خێر و به‌ره‌كه‌ته‌ بۆ گه‌لی سوریا، جه‌نگ و كوشتار له‌ نێوان موسڵماناندا فیتنه‌یه‌كه‌ شوێنه‌واری مه‌ترسیداری هه‌یه‌، هه‌موی شه‌ڕه‌ و هه‌رگیز خێری تێدا نییه‌، ئه‌زمونه‌ مێژوییه‌كانیش ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌لمێنن؛ هه‌ر بۆیه‌ قورئانی پیرۆز جه‌ختی له‌سه‌ر حه‌رامكردن و به‌ تاوانكردنی كوشتنی موسڵمانان كردوه‌ته‌وه‌".

د.عه‌لی قه‌ره‌داغی باسی له‌وه‌شكردوه‌، به‌جێهێنانی ئه‌ركی ئایینی و نیشتمانی واده‌خوازێت كه‌ كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگی بونیادنه‌ر و نیازێكی پاك و ڕاستگۆیانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ ئاشته‌وایی گشتگیر و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و سته‌م و كێشانه‌ی كه‌ ڕژێمی سته‌مكاری له‌ناوچوی پێشو به‌جێیهێشتون، هه‌روه‌ها داوایان لێده‌كه‌م كاروانی برایه‌تی، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، زانست و شارستانییه‌ت سه‌رڕێبخه‌ن له‌ پێناو بونیادنانی سیستمێكی نوێ كه‌ مافی هه‌موان بپارێزێت و جێگه‌ی هه‌موانی تێدا ببێته‌وه‌، تاوه‌كو سوریا ببێته‌ نمونه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌شه‌سه‌ندو".

د.عه‌لی قه‌ره‌داغی ده‌شڵێت، "شانازیی ئه‌وه‌م پێبڕاوه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشه‌وه‌ به‌ هه‌مو توانامه‌وه‌ پشتیوانی و پاڵپشتی گه‌لی سوریا بكه‌م، هه‌روه‌ك له‌ رێگه‌ی ڕێكخراوی ڕابیته‌ی مرۆیی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق دامانمه‌زراندوه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی كارا به‌شداربوین له‌ هاوكاریكردنی خوشك و برایانی ئاواره‌ی سوریا له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ ناوخۆی سوریاشدا، كه‌ قوربانی تاوانه‌كانی ڕژێمی سته‌مكاری پێشو بون، هه‌روه‌ها ئه‌و زانكۆیه‌ی كه‌ دامانمه‌زراندوه‌ (زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق) سه‌دان خوێندكاری كوردی سوریای بۆ خوێندن وه‌رگرتوه‌ به‌ خۆڕایی و بێ به‌رامبه‌ر، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌".

له‌په‌یامه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌شكردوه‌، "هه‌وڵێكی زۆرمداوه‌ بۆ ئاشته‌وایی و نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و هێشتاش به‌رده‌وامم، هه‌روه‌ها داوا له‌ دڵسۆزان و چاكه‌خوازان ده‌كه‌م ئه‌وه‌ی له‌ توانایاندایه‌ بیكه‌ن بۆ وازهێنان له‌ شه‌ڕ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕێككه‌وتنه‌ واژۆكراوه‌كه‌ و ته‌واوكردنی".

په‌یامه‌كه‌ی د. عه‌لی قه‌ره‌داغی له‌كاتێكدایه‌ كه‌ 6ی ئه‌م مانگه‌ گروپه‌كانی دیمەشق هێرشیان بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كانی ئه‌شره‌فیه‌ و شێخ مه‌قسود ده‌ستپێكرد كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن و له‌به‌رامبه‌ردا هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆی حه‌له‌ب روبه‌ڕویان بونه‌وه‌ و ماوه‌ی شه‌ش رۆژ شه‌ڕی سه‌خت رویدا، دواتر ئاگربه‌ست راگه‌یه‌ندرا و هێزه‌كانی ناوخۆی حه‌له‌ب له‌و دو گه‌ڕه‌كه‌ كشانه‌وه‌.

ئه‌مشه‌ویش، ناوه‌ندی راگه‌یاندنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) رایگه‌یاند، له‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ گرژییه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌رده‌وامن و مه‌ترسیی بۆ سه‌ر هاوڵاتیان و دامه‌زراوه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان دروستبوه‌ و "چه‌كدارانی دیمه‌شق و درۆنی بایره‌كداری توركی پێكه‌وه‌ هێرش ئه‌نجامده‌ده‌ن".

بابەتی هاوشێوە