جارێکی دیکە بەفر لە سەنتەری شارەکاندا دەبارێت

15.01.2026
جەماوەر نیوز
شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە هەفتەی داهاتوودا، جارێکی دیکە بەفر لە سەنتەری شارەکاندا دەبارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە سبەی هەینییەوە 16ـی 1ـی 2026، کەشوهەوای هەرێمی کوردستان تا رۆژی یەکشەممە 18ـی 1ـی 2026 جێگیربوونێک بەخۆیەوە دەبینێت و ئاسمانیش بە زۆری نیمچەهەور دەبێت و پلەی گەرمییش تا رادەیەک جێگیر دەبێت و کەش سارد دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان و تایبەت شاخاوییە سنوورییەکان بەگشتی پلەی گەرمی لە رۆژانی داهاتوودا، نزمتر دەبێتەوە و نزمترین پلەی گەرمی 8 تا 12 پلە بۆ ژێر سفر دادەبەزێت و تەنانەت لەکاتەکانی رۆژیشدا، هەر لە ئاستی بەستندا دەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 18ـی 1ـی 2026، شەپۆلێکی نوێی بەفر و بارانبارین لە دەریای ناوەڕاستەوە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و سەرەتاش سنووری پارێزگای دهۆک دەگرێتەوە و پاشان لە رۆژی دووشەممە 19ـی 1ـی 2026 سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی راپەڕین و سۆران و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە کە لە ناوچە شاخاوییەکان بەفربارین دەبێت و لە سەنتەری پارێزگاکانیش، بارانی مامناوەند و پچڕپچڕ دەبارێت و کاریگەریی بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و گەرمیان لاواز دەبێت و بەشێوەی نمەبارانی پچڕپچڕ کاریگەریی دەبێت.
دەشڵێت، لە ئێوارەی دووشەممەوە 19ـی 1ـی 2026، لە ئەنجامی هاتنەخوارەوەی بارستەهەوایەکی سارد لە رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە بۆ سەر دەریای رەش و تورکیا و ناوچەکانی باکووری ئێران و هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە شەپۆلێکی سەرما لە ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە و لەگەڵ بەردەوامیی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست بە لاوازی ئەگەر هەیە لە ئێوارەی دووشەممە تا ئێوارەی سێشەممە، 20ـی 1ـی 2026، بەشێوەی پچڕپچڕ بەفر لە سەنتەری شاری هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە و ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سۆران و راپەڕین ببارێت، هەروەها ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کەرکوک و باکووری گەرمیانیش ئەگەری هەیە، واتا لە بەرزیی 400 مەتر ئاستی رووی دەریا، ئەگەری بارینی بەفر هەیە، بەڵام بەگشتی رێژەی بارینی بەفرەکە کەم دەبێت لە سەنتەری دهۆک، هەولێر، رۆژهەڵاتی کەرکوک و ناوچەکانی باکووری گەرمیان پروشەی کەم دەبێت.
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە سەنتەری سلێمانی، هەڵەبجە و ناوچەکانی ئیدارەی راپەڕین و سۆران ناوچە شاخاوییەکان، رێژەکەی زیاتر دەبێت لەنێوان 2 تا 6 سم، ئەگەری بارینی بەفر دەبێت و ئێوارەی سێشەممە 20ـی 1ـی 2026، کۆتایی بەو شەپۆلە دێت لەگەڵ ئەگەری گۆڕانکاری.
ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە، بەگشتی تا کۆتایی مانگ ئەگەری هاتنی چەند شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانبارین دەبێت، بەتایبەت لە کۆتاییەکانی مانگدا، ئەگەری بەهێزبوونەوەی شەپۆلەکانی بەفر و بارانبارین دەبێت و پلەی گەرمی بەگشتی تا کۆتایی مانگ، هەر خوار تێکڕا دەبێت و جیاواز لە ساڵانی رابردوو، مانگی یەکی ئەمساڵ بە تێکڕا مانگێکی ساردتر دەبێت لە ئاسایی

بابەتی هاوشێوە