مه‌زڵوم كۆبانێ و تۆم باراك له‌ هه‌ولێر كۆده‌بنه‌وه‌

16.01.2026
جەماوەر نیوز

ماڵپه‌ری ئه‌لمۆنیتۆر بڵاویكرده‌وه‌، سبه‌ی شه‌ممه‌ مه‌زڵوم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) و تۆم باراك، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ سوریا له‌ هه‌ولێر كۆده‌بنه‌وه‌، کۆبونەوەکەش هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ لە سوریا و رۆژاڤای کوردستان.

ماڵپه‌ری ئه‌لمۆنیتۆری ئه‌مریكی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی بڵاویكرده‌وه‌، سبه‌ی شه‌ممه‌ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەولێر كۆده‌بنه‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكادایه‌ بۆ ڕێگریكردن له‌ دوباره‌ دروستبونه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ سوریا و باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا له‌ نێوان هه‌سه‌ده‌ و سه‌ربازانی سوریای عه‌ره‌بی.

روانگه‌ی سوریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌ووه‌، ئه‌مڕۆ چاودێری ده‌وریه‌یه‌كی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانیان كردوه‌ بۆ دێرحافر كه‌ سوپای سوریا به‌رده‌وامه‌ له‌ تۆپبارانكردنی ئه‌و ناوچه‌یه‌.

له‌لای خۆیه‌وه‌، تۆم باراك، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سوریا ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، له‌ په‌یوه‌ندیی نزیكدان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی سوریا بۆئه‌وه‌ی گرژییه‌كان زیاتر نه‌بن و هه‌نگاوه‌كانی تێكه‌ڵبونی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) به‌ سوپای سوریا خێراتر بكرێن و هه‌ردولاش دۆخه‌كه‌ هێوربكه‌نه‌وه‌.

سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ریش هێزه‌كانی سه‌ر به‌حكومه‌تی دیمه‌شق دێرحافریان وه‌ك "ناوچه‌ی سه‌ربازی" ڕاگه‌یاند و ئه‌م سه‌ردانه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانیش چاوه‌ڕوانده‌كرێت دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و هێوربونه‌وه‌ و راگرتنی هێرشه‌كانی چه‌كدارانی حكومه‌تی دیمه‌شق ببات

بابەتی هاوشێوە