هەسەدە: هێزەکانی سووریا بە تانک هێرشیان کردە سەرمان و ژمارەیەک شەڕڤان شەهید بوون

17.01.2026
جەماوەر نیوز
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، هێزەکانی دیمەشق بە پێچەوانەی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی، بە چەکی قورس و تانکەوە هێرشیان کردووەتە سەر خاڵەکانیان لە رۆژئاوای ڕەققە و بەهۆیەوە ژمارەیەک شەڕڤان شەهید بوون.
ئەمڕۆ شەممە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ناوچەی “دەبسی عەفنان” پێکدادان دروستبووە، هەسەدە دەشڵێت، “ئەمە هێرشێکی بە ستەم بووە، چونکە بەپێی ڕێککەوتنەکە ئاگربەست هەبووە و مۆڵەتی 48 کاتژمێر دیاری کرابوو تا هێزەکانمان لە دێر حافر و مەسکەنە بکشێنەوە.”
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، حکومەتی دیمەشق پێش تەواوبوونی وادەی کشانەوەکە، کاروانی سەربازی و تانکی بردووەتە ناوچەکە و هێرشی کردووە.
هەسەدە لایەنە نێودەوڵەتییەکان کە چاودێری ڕێککەوتنەکەیان کردووە، بە بەرپرسیار دەزانێت لەم خوێنڕشتنە و داوای دەستوەردانی بەپەلە دەکات بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی دیمەشق، پێش ئەوەی دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت.
رۆژی هەینی، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، بڵاویکردەوە: بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیان سەبارەت بە دۆخی مەیدانیی ڕۆژهەڵاتی حەلەب دەرکرد و هێزەکانمان بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات دەکشێننەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە، باسی لەوەشکرد: لە وەڵامی داواکاری وڵاتانی دۆست و نێوەندگیر، هەروەها بۆ دەربڕینی نیازپاکی لە بەرانبەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی 10ی ئادار، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانمان دا.
هاوکات پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانیان، ئەمڕۆ شەممە، لە کاتژمێر 7ـی بەیانییەوە دەستیپێکرد.

بابەتی هاوشێوە