چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كۆبونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌كات

17.01.2026
جەماوەر نیوز

سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ شیعه‌كان له‌خۆده‌گرێت، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی "گرنگ و چاره‌نوسساز" ئه‌نجامده‌دات، بۆ تاوتوێكردنی ناكۆكییه‌كان له‌باره‌ی كاندیدی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا هه‌وڵده‌درێت بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پاڵپشتیكردنی نوری مالیكی یان ڕۆیشتن به‌ره‌و كاندیدێكی نوێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی نۆ ناوی كاندیدكراو، ڕه‌نگه‌ له‌ میانی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كاندیدی گه‌وره‌ترین كوتله‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران بكرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ راشیگه‌یاندوه‌، "هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كان كۆبونه‌وه‌ی خولیی خۆیان ئه‌نجامده‌ده‌ن بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر كاندیدكردنی نوری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا، بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی نوێ".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسی له‌وه‌شكردوه‌، كۆبونه‌وه‌كه‌ بریتی ده‌بێت له‌ "باسكردنی پرسی كاندیدكردنی مالیكی بۆ حكومه‌تی داهاتو و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ڵوێستی كۆتایی سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ كاندیدكردنی مالیكی بۆ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ جاری سێیه‌م".

ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه‌، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌یه‌وێت "حكومه‌تێكی به‌هێز پێكبهێنێت كه‌ له‌لایه‌ن هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان قبوڵ بكرێت، توانای به‌ده‌ستهێنانی هاوسه‌نگی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی قۆناخی داهاتودا هه‌بێت، جگه‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی گشتی و كۆتاییهێنان به‌ دۆخی وه‌ستان و بنبه‌سته‌ سیاسییه‌كان، هاوشانی پرسه‌كانی تر".

له‌ دوای په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ له‌ مانگی (تشرینی دوه‌م/12)ی 2025 ئه‌نجامدرا، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌ستیكردوه‌ به‌ ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆ له‌نێوان هێزه‌كانی و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق، كه‌ به‌پێی ئه‌و داب و نه‌ریته‌ كه‌ له‌ دوای ساڵی 2003ه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ پێكهاته‌ی شیعه‌ ته‌رخانكراوه‌.

بابەتی هاوشێوە