سەدر لەبارەی ڕوداوەكانی سوریاوە هۆشداری بە كورد دەدات

18.01.2026
جەماوەر نیوز

موقتەدا سەدر، رێبه‌ری ڕەوتی نیشتمانی شیعە لە عێراق ڕایگەیاند، ئەوەی لە سوریا ڕودەدات، بابەتێک نییە کە بە سادەیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و پێویستە لەسەرتان دەستبەجێ سنورەکان و دەروازەکان بپارێزن، دەشڵێت، "ئامۆژگاری هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ نەکەن، چونکە ئەوە دەبێتە بیانو بۆ تیرۆر لە خاکی عێراقدا".
وردودرشتی هەواڵ؛
موقتەدا سەدر ئەمشەو لە پەیامێكدا لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە،  ململانێ و پێشبڕکێکانتان لەسەر ئەم دنیا فانییە واز لێ بهێنن و سەرنج بدەنە ئەو مەترسییانەی کە لە دەوروبەرتان دەگوزەرێت، چونکە نە خودا و نە مێژو بەزەییان پێتاندا نایەتەوە. نابێت عێراق فەرامۆش بکرێت، ئەگەرنا ئەوە دەبێتە سەرەتای کۆتایی.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی لە سوریا و لە نزیک سنورەکانی عێراق ڕودەدات، بابەتێک نییە کە بشێت بە سادەیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو پێویستە بابەتەکە بە هەند وەربگیرێت، چونکە مەترسییەکە گەورەیە و تیرۆر لەلایەن ئیستیکباری جیهانییەوە پاڵپشتی دەکرێت.
موقتەدا سەدر لە پەیامەكەیدا دەشڵیت، "پێویستە لەسەرتان دەستبەجێ سنورەکان و دەروازەکان بپارێزن و هەر ئێستا و بەپەلە هێزی پشتیوانی بنێرن".

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە هۆشداری بە سەركردەكانی هەرێمی كوردستان دەدات و دەڵێت، "ئامۆژگاری هێزە سیاسییەکانی باکوری عێراق دەکەم کە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ نەکەن، چونکە ئەوە دەبێتە بیانو بۆ بڵاویونەوەی تیرۆر لە خاکی عێراقدا".

ئەوە لەكاتێكدا دوای 12 ڕۆژ لە شەڕ، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، مەرجەکانی ڕێککەوتنێکی نوێی 14 خاڵی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆکرد کە بڕیارە ئاگربەستێکی تەواو لە نێوان سوپای سوریا و هەسەدە، و یەکخستنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازیەکان لە ناو حکومەتی سوریادا لەخۆبگرێت. ئەوەش بەگوێرەی بڵاوكراوەیەكی سەرۆكایەتی كۆماری سوریا.

بابەتی هاوشێوە