پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست ڕاگەیەنرا

18.01.2026
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، “حکومەتی ھەرێم بڕیاری داوە گرێبەستەکانیش زەوی وەردەگرن، ئێستا خەریکی ئامادەکردنی ڕێنمایین و لە قۆناغی کۆتاییدایە، بەم نزیکانە دەست بە ڕێکاری پێدانی زەوی بە گرێبەستەکان دەکرێت، مەرجەکانیش ھەمان مەرجی فەرمانەرە ھەمیشەییەکانە”.
سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وتی “ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە ئەوانەی گرێبەستن ھاوشێوەی ھەمیشەیەکان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەندبن، ئێستا چاوەڕێ دەکەین ڕێنمایی دەربچێت و دەست بە ڕێکاری پێویست بکەین”.
ڕاشیگەیاندووە، ڕێنمایەکانیش لە نێوان ئێمە و ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە دەکرێن، ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە، هەر دەربچێت لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە کارەکان دەکرێت بۆ ئەوەی ڕەزامەندییان بۆ وەربگیرێت، دواتر بۆ شارەوانییەکان ڕەوانە دەکرێت بۆ ئەوەی زەوییان پێ بدرێت.
سەربەست مەولود وتیشی “مەرجی پێدانی زەوی بە گرێبەستەکان ھەمان ئەو مەرجانەن، کە بۆ ھەمیشەییەکان دیاریکراون، پێویستە ھەشت ساڵ خزمەتی ھەبێت، پێشتر زەوی وەرنەگرتبێت، لە ماوەیەکی نزیک ڕێنمایی دەردەچێت و لە ڕۆژنامە بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە ڕێکارەکان دەکەین بۆ ئەوەی زەوی بە گرێبەستەکانیش بدرێت”.
جەختیشی كردۆتەوە، بڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەرچووە گرێبەستەکانیش لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.

بابەتی هاوشێوە