ئیدارەی خۆسەر له‌باره‌ی كۆبانێ هۆشداری ده‌دات: مێژو ئەم خۆڕاگرییە بە زێڕ ده‌نوسێته‌وه‌

22.01.2026
جەماوەر نیوز

ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا رایگه‌یاند، گروپه‌كانی سه‌ر دیمه‌شق به‌ پشتیوانی توركیا تاوانی جه‌نگ له‌ كۆبانێ ئه‌نجامده‌ده‌ن و داوا له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن رایبگرن، ده‌شڵێت، "ئەمڕۆ ڕۆژێکە کە کورد لە هەمو پارچەکانی کوردستان بە یەکگرتویی لە دژی شەڕی قڕکردن وەستاوە، مێژو ئەم خۆڕاگرییە بە پیتی بە زێڕ ده‌نوسێته‌وه‌ و گەلەکەمان بە به‌هێزی دەمێنێتەوە".

ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، پابەندبونی تەواو و بێدو دڵی خۆی بە ئاگربەستی ڕاگەیەندراو و خۆبەخشی بێوچانی خۆی بۆ پاراستنی گیانی گەلەکەمان و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا دوپاتدەکاتەوە، بەڵام لایەنە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا لە دیمەشق بەردەوامن لە پێشێلکردنی بە ئەنقەست و سیستماتیکی ڕێککەوتنی ئاگربەست بە پەرەپێدانی هێرشە دڕندەکانیان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و ناوچە دانیشتوەکان بەتایبەتی لە شاری کۆبانی و ناوچەی جزیرە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئەوەی ئەمڕۆ کۆبانێ ئەزمونی دەکات تەنها هێرشێکی سەربازی نییە، بەڵکو تاوانێکی جەنگی تەواوەتییە، ئەو شارە کە خاڵی وەرچەرخانێکی مێژویی و سەرەتای شکستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بو، ڕێکخراوێک کە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەی بۆ سەر هەمو مرۆڤایەتی دروست کردبو، ئەمڕۆ دەکرێتە ئامانج، چونکە هێمای بەرخۆدان و خۆڕاگرییە، کۆبانێ کە بەرگری لە جیهان دەکرد، ئێستا لە ئەنجامی ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە ژێرخانەکەی کردۆتە ئامانج، دوایینیان بڕینی ئینتەرنێتەکەی و دابڕانی لە جیهانی دەرەوە بو، بێ ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ماوەتەوە.

ئیدارەی خۆسەر هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "ئەوەی لە کۆبانێ و دەڤەری جزیرە بە تایبەتی لە دژی گەلی کورد دەگوزەرێت، شەڕێکی سیستماتیکی قڕکردنە بە ئامانجی شکاندنی ئیرادەی گەلەکەمان و لەناوبردنی دەستکەوتەکانی، هەمو جیهان شایەتحاڵی ئەو پێشێلکاری و تاوانانە بون کە لە ڕەققە و ناوچەکانی دیکە بەرامبەر بە کورد و شەڕڤانان ئەنجام دراون و ئەمڕۆش هەمان ئەو سیاسەتە تاوانکارییانە بە بێ سزای دوبارە دەکرێنەوە".
راگه‌یه‌ندراوی په‌یوه‌ندیدار؛
ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا رونیكردوه‌ته‌وه‌، "بە توندترین شێوە سه‌ركۆنه‌ی ئەو هێرشە دڕندانەیە بۆ سەر گەلەکەمان ده‌كه‌ین، دەستدرێژکاران بە تەواوی بەرپرسیار دەکات لە دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵکشانە مەترسیدارە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت هاوپەیمانی جیهانی دژ بە داعش ده‌كه‌ین بەپەلە و دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە و کۆتاییهێنان بەو تاوانە جەنگییانەی کە لە دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدرێن".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "بانگەواز لە گەلی خۆڕاگر و دۆستانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە سەرانسەری جیهان دەکەین کە خەبات و بەرخۆدان چڕتر بکەنەوە، هەروەها بەرگری لەو دەستکەوتانە بکەن کە لە سایەی قوربانیدانی شەهیدەکانمان و خۆڕاگری تێکۆشەرانمان و ئیرادەی ئازادی گەلەکەمان بەدەست هاتون".

ئیدارەی خۆسەر ده‌ڵێت، "ئەمڕۆ ڕۆژی یەکگرتویی نەتەوەییە، ڕۆژێکە کە کورد لە هەمو پارچەکانی کوردستان بە یەکگرتویی لە دژی شەڕی قڕکردن وەستاوە، مێژو ئەم خۆڕاگرییە بە پیتی زێڕ تۆمار دەکات و گەلەکەمان بە چەقبەستویی دەمێنێتەوە، بە مافی ئازادی و کەرامەت و ژیانەوە دەلکێت".
پاشخانی هه‌واڵ؛
هێرشی فراوانی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ سوریا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژاڤای كوردستان به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و مه‌زڵوم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ فه‌رمانیكردوه‌ ڕوبه‌ڕوی ته‌واوی هێرشه‌كان ببنه‌وه‌ و ڕێگه‌ نه‌درێت چه‌كداره‌كان پێشڕه‌وی بكه‌ن، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوشدا كۆبانێ و ناوچه‌ كوردییه‌كانی دیكه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده‌ روبه‌ڕوی گه‌مارۆی توند بوه‌ته‌وه‌.

ئیدارەی خۆسەر له‌باره‌ی كۆبانێ هۆشداری ده‌دات: مێژو ئەم خۆڕاگرییە بە زێڕ ده‌نوسێته‌وه‌
ڕاپۆرتی سیاسی
22-01-2026
ورده‌كاریى پلانه‌كه‌ى ئه‌مریكا، توركیا و سوریا بۆ سه‌ر كوردانی رۆژاڤا ئاشكرا ده‌كرێت
کوردستانی
22-01-2026
کەجەکە: هەوڵی تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی له‌ توركیا ده‌درێت
کوردستانی
22-01-2026
ئیلهام ئه‌حمه‌د: له‌ کۆبانێ تاوانی جه‌نگ ئه‌نجامده‌درێت





بابەتی هاوشێوە