ئیلهام ئه‌حمه‌د: له‌ کۆبانێ تاوانی جه‌نگ ئه‌نجامده‌درێت

22.01.2026
جەماوەر نیوز

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا رایگه‌یاند، خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و ئینتەرنێت له‌ كۆبانێ پچڕاوە، ئەو کردەوانە تاوانی جەنگ پێکدەهێنن، "داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین دەستوەردان بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆکە".

ئیلهام ئەحمەد له‌ په‌یامێكدا هۆشداریشداوه‌ له‌وه‌ی كه‌ گەمارۆدانی کۆبانێ چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستیپێکردوە، سەرەڕای ڕاگەیەندراوی ئاگربەست، تێکهەڵچونەکان بێ وەستان بەردەوامن. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و ئینتەرنێت پچڕاوە، ئەو کردەوانە تاوانی جەنگ پێکدەهێنن، "داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین دەستوەردان بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆکە و ڕاگرتنی سزای هاوڵاتیانی مەدەنی بە بێبەشکردنی بژێوی ژیانیان".

فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا (CENTCOM) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌دمیراڵ براد كوپه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی سوریا بۆ قۆناغی راگوزه‌ر ئه‌نجامدا و له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا باسیان له‌ پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كانی سوریا و پرسی ده‌ستگیركراوه‌كانی داعش كردوه‌.

كاپتن تیم هۆكینز وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند، هه‌ردولا باسیان له‌ گرنگی "پابه‌ندبونی هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا به‌ ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) كردوه‌، هه‌روه‌ها باسیان له‌ پاڵپشتیكردن له‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌ستگیركراوانی داعش له‌ سوریاوه‌ بۆ عێراق كردوه‌".

ڕونیكردوه‌ته‌وه‌، براد كوپه‌ر "كورته‌یه‌كی له‌ پلانه‌كه‌یان بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی به‌مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ی حه‌وت هه‌زار ده‌ستگیركراو بۆ ئه‌حمه‌د شه‌رع خستۆته‌ڕو، چاوه‌ڕوانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكاشی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ "هێزه‌كانی سوریا، هه‌روه‌ها هه‌مو لایه‌نه‌كانی دیكه‌، خۆیان له‌ هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك به‌دوربگرن كه‌ بتوانێت ڕێگری له‌م پرۆسه‌یه‌ بكات".

هێرشی فراوانی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ سوریا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژاڤای كوردستان به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و مه‌زڵوم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ فه‌رمانیكردوه‌ ڕوبه‌ڕوی ته‌واوی هێرشه‌كان ببنه‌وه‌ و ڕێگه‌ نه‌درێت چه‌كداره‌كان پێشڕه‌وی بكه‌ن.

تۆم باراک، نێردەی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سوریا رایگه‌یاند، ئامانجی سەرەتایی هێزەکانی هه‌سه‌ده‌ وەک هێزی سەرەتایی دژە داعش لەسەر زەوی تاڕادەیەکی زۆر بەسەرچوە، چونکە ئێستا دیمەشق هەم ئامادەیە و هەم پێگەی خۆی هەیە بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان، ده‌شڵێت، به‌پێی ڕێكه‌وتنی نوێ، کێڵگە نەوتییەکان، بەنداوەکان، دەروازە سنورییەکان و زیندان و کەمپەکانی داعش ڕادەستی دیمەشق ده‌كرێنه‌وه‌

بابەتی هاوشێوە