مه‌سعود بارزانی: له‌گه‌ڵ برایانی كورد و شه‌رع له‌ په‌یوه‌ندیدام گرژیه‌كان كۆتایی بێت

22.01.2026
جەماوەر نیوز

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ برایانی كورد و شه‌رع له‌ په‌یوه‌ندیداین گرژیه‌كانی رۆژاڤای كوردستان كۆتایی بێت، "بۆ ئێمە لە هەمو شتێک گرنگتر پاراستنی کەرامەت و سەلامەتی کوردە".

مه‌سعود بارزانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گویدۆ کرۆسێتۆ، وه‌زیری به‌رگری ئیتاڵیا، رایگه‌یاند، باسیان له‌ دۆخی سوریا و رۆژاڤای كوردستان كرد و هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن كه‌ شه‌ڕ دروستنه‌بێت و خەڵکی کوردستان زیانیان بەرنەکەوێت، "بۆ ئێمە لە هەمو شتێک گرنگتر پاراستنی کەرامەت و سەلامەتی کوردە، هەمو شتێک دەکەین بۆ پاراستنی".
 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "کۆبونەوەکەمان زۆر باش بو، جەنابی وەزیر دۆستێکی زۆر بەڕێز و نزیکی گەلی کوردستانە، باسی رۆژئاڤای کوردستان و هەمو بابەتەکانمان کرد، زۆر تێگەیشتون، بە هەمو لایەک هەوڵ دەدەین کە شەڕ نەبێت و بوەستێت و خەڵکی کوردستان تووشی ئێش و ئازار و دەستدرێژی نەبێت."

بارزانی وتیشی، "لەگەڵ هەمو لایەک لە پەیوەندیداین له‌گه‌ڵ برایانی كورد و له‌گه‌ڵ شه‌رع له‌سه‌ر هێڵین بۆ ئەوەی کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن و هیوامان وایە؛ بەڵام هەمو ئەگەرەکانیش کراوەن و دەبێت خۆمان بۆ بارودۆخێک ئامادە بکەین".

لایخۆیه‌وه‌ گویدۆ کرۆسێتۆ، وه‌زیری به‌رگری ئیتاڵیا رایگه‌یاند، "هەمو هەوڵێک دەدەین ئاشتی بەرقەرار بێت لە ناوچەکە، ئێمە لە ئیتاڵیا زۆر دڵگرانین لەوەی لە سوریا ڕودەدات، هەمو هەوڵێکی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت بوەستێت".

ئه‌وه‌شی وت، "ئەوەی دژ بە گەلی کورد دەکرێت لە سوریا جێگای قبوڵ نییە، دۆستایەتی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان مێژویی و قوڵە".

هێرشی فراوانی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ سوریا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژاڤای كوردستان به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و مه‌زڵوم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ فه‌رمانیكردوه‌ ڕوبه‌ڕوی ته‌واوی هێرشه‌كان ببنه‌وه‌ و ڕێگه‌ نه‌درێت چه‌كداره‌كان پێشڕه‌وی بكه‌ن، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوشدا كۆبانێ و ناوچه‌ كوردییه‌كانی دیكه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده‌ روبه‌ڕوی گه‌مارۆی توند بوه‌ته‌وه‌.

بابەتی هاوشێوە