پارەی وەرگرتنی بەشەخۆراک زیاد کرا

22.01.2026
جەماوەر نیوز
وەزارەتی بازرگانیی عێراق نرخی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانەی بۆ هەور تاکێک زیاد کرد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کەلوپەلی خۆراکی سلێمانیش ئاشکرایدەکات کە تا ئێستا نووسراوین لەو بارەوە بۆ نەهاتووە.
محەمەد حەنوون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، “بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، نرخی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە لە 500 دینارەوە بۆ 1000 دینار بۆ هەر تاکێک بەرزکراوەتەوە”.
هاوکات ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لە کەمکردنەوەی بڕی ئاردیش دەکەن لەو بارەوە بۆ میدیای پارتی وتی: “هیچ کەمکردنەوەیەک لە بڕی ئاردی تاکێک نییە و بەشە ئارد کە 9 کیلۆگرامە، بە تەواوی دابەش دەکرێت”.
بەشەخۆراکی مانگانە لە شەکر، رۆن، برنج، دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەکان پێکدێ، بەڵام هەندێک مانگ کەمێک گۆڕانکاری روودەدات.
لای خۆیەوە کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند: تا ئێستا بە فەرمی نووسراویان لە وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە پێنەگەیشتووە بۆ ئەوەی پارەکە زیاد بکەن.
وتیشی: “ئەگەر نووسراومان پێ بگات پێوەی پابەند دەبین، چونکە خۆراکەکە لەلایەن ئەوانەوە بۆمان دێت و دابینی دەکەن”.
لە ئێستادا بریکارەکان بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر تاکێک 750 دینار وەردەگرن، کامەران فەتاح وتی: “لەو 750 دینارە، 352 دیناری بۆ ئێمەیە و ئەوەی تری بۆ خۆیانە بۆ کرێی دوکان و کۆگاکەیانە.

بابەتی هاوشێوە