مه‌زڵوم عه‌بدی: كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌رهه‌مدارمان له‌گه‌ڵ تۆم باراك ئه‌نجامدا و ماكرۆن په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم

23.01.2026
جەماوەر نیوز

مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌رهه‌مداریان له‌گه‌ڵ تۆم باراك نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ سوریا ئه‌نجامدا و ده‌شڵێت، "هه‌ر ئه‌مشه‌و په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیم له‌ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فڕه‌نساوه‌ پێگه‌یشت".

مه‌زڵوم عه‌بدی له‌په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبونه‌وه‌یه‌كی بنیاتنه‌ر و به‌رهه‌مدارمان له‌گه‌ڵ تۆم باراك باڵیۆزی ئه‌مریكا و براد كوپه‌ر، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مریكا (سێنتكۆم) ئه‌نجامدا.

راشیگه‌یاندوه‌، "پشتگیری ئه‌مریكا و سیاسه‌تی سه‌رۆك تره‌مپ بۆ پرۆسه‌ی ئاگربه‌ست، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی باڵیۆز تۆم باراك بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ و دانوستانه‌كانی نێوان ئێمه‌ و حكومه‌تی سوریا، جدی و گرنگن و پێشوازیان لێده‌كه‌ین".
مه‌زڵوم عه‌بدی ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕو، "ئێمه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ و به‌ هه‌مو تواناكانمانه‌وه‌ كارده‌كه‌ین بۆ گه‌یشتن به‌ یه‌كگرتنی ڕاسته‌قینه‌ و پاراستنی ئاگربه‌ستی ئێستا".


له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، مه‌زڵوم عه‌بدی رایگه‌یاندوه‌، ئه‌مشه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فڕه‌نسامان پێگه‌یشت، تیایدا پاڵپشتی خۆی بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ ده‌ربڕی كه‌ ئێمه‌ و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ده‌یده‌ین بۆ گه‌یشتن به‌ ئاگربه‌ست و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گفتوگۆ و دانوستان له‌ سوریا، به‌ ئامانجی گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی به‌رده‌وام كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ته‌واوی ناوچه‌كه‌ بكات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، له‌ گفتوگۆكه‌دا باس له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان ئێمه‌ و حكومه‌تی سوریا و پێویستی پاراستنی مافه‌كانی هه‌مو پێكهاته‌كان كرا.

پێشتریش تۆم باراک، نێردەی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سوریا رایگه‌یاندبو، خۆشحاڵ بوه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد کۆبوه‌ته‌وه‌ و ئەمریکا پاڵپشتی و پابەندبونی بەهێزی خۆی بۆ پێشخستنی پڕۆسەی یەکگرتن کە لە ڕێککەوتنی18ی 1ی 2026 نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریادا هاتوە، دوپاتکردەوە.

بابەتی هاوشێوە