لە کۆبانێ داوای هاوكاری بەپەلە دەكات

23.01.2026
جەماوەر نیوز
مانگی سوری کوردی لە کۆبانێ لە ڕاگەیەندراوێكدا داوای هاوكاری بەپەلە لە نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکات و دەڵێت، "ئاو، سوتەمەنی و ماددە خۆراکییەکان نەماون و ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان بۆ ناو شارەکە ئاوارەبون و هەندێکیان لەسەر شەقامەكان دەمێننەوە".

مانگی سوری کوردی لە کۆبانێ، ئەمڕۆ هەینی بانگەوازێکی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان كرد و تێدا دەڵێت، "چەند ڕۆژێکە کۆبانێ ڕوبەڕوی شاڵاوێکی سەربازی و گەمارۆیەکی توندبوەتەوە، سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست".
ئاماژەی بەوەشكرد، لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە ڕێگری لە هێنانە ناوەوەی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان دەکرێت و ئاو، سوتەمەنی و ماددە خۆراکییەکان لە شارەكەدا نەماون، ئەوەش دۆخی مرۆیی کارەساتبارە و یادەوەرییە پڕ لە ئازارەکانی سەردەمی گەمارۆی داعشیان بەبیر دەهێنێتەوە.
مانگی سوری كوردی باسی لەوەشكردوە، "ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکانی دەوروبەری كۆبانێ، ئاوارەی ناوشارەكە بون و هەندێکیان لەدەرەوە و لەسەر شەقامەكان دەمێننەوە".
دەشڵێت، "هیواخوازین بە زوترین کات دەستێوەردان بکەن و ئەرکی مرۆیی خۆتان بەرامبەر بە کۆبانێ و خەڵکەکەی جێبەجێ بکەن".

بابەتی هاوشێوە