"قامشلۆ دەوڵەمەندە و ئۆتۆمبێلی باشی تێدایە"؛ چەکدارە عەرەبەکان و سوپا چاویان بڕیوەتە ماڵی کورد

26.01.2026
جەماوەر نیوز
دوای ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆنترۆڵی شاری حەلەب و رەققەی لەدەستدا، ئێستا مەترسییەکی گەورە لەسەر شاری قامشلۆ دروستبووە؛ بەڵام ترسەکە تەنیا لە نەمانی دەسەڵاتی کورد نییە، بەڵکو ترسە لە "تاڵانی و دزی."

بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری The Economistی بەریتانی، چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا و هۆزە عەرەبەکان بە ئاشکرا باسی ئەوە دەکەن چاویان لە سەروەت و سامانی قامشلۆیە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "چەکدارەکان قامشلۆ بە شاری کوردە دەوڵەمەندەکان وەسف دەکەن و دەڵێن شوێنێکی باشە بۆ دزینی ئۆتۆمبێل."

لە رەققە دزی کرا، نۆرەی قامشلۆیە؟

ئەم هەڕەشەیەی دزی تەنیا قسە نییە، بەڵکو لە رەققە روویداوە. بەڵگەش بۆ ئەمە، بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی سووریا، کە تێیدا داوا لە دانیشتووانی رەققە دەکەن ئەو "کەلوپەلە دزراوانە" بگەڕێننەوە کە لە دامودەزگە حکومییەکان و شوێنە گشتییەکان تاڵان کراون.

لە ئاگادارییەکەدا حکومەت سێ رۆژ مۆڵەتی داوە بۆ گەڕاندنەوەی "چەک، ئامێر، کەلوپەل و ئۆتۆمبێلەکان" لە بەرامبەر لێخۆشبووندا. ئێستا کوردی قامشلۆ دەترسن هەمان سیناریۆی تاڵانی لە شارەکەی ئەوانیش دووبارە ببێتەوە، بەتایبەت کە شارەکەیان بە ناوەندێکی بازرگانی و دەوڵەمەند ناسراوە.

شێخەکان داوای جەنگ دەکەن

لە لایەکی دیکەوە، شێخی هۆزە عەرەبەکان لە ناوچەی جەزیرێ خەڵکەکەیان بۆ شەڕ هان دەدەن و چیدی نایانەوێت لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بن.

پێش ئەوەی ئاگربەستی نێوان هەسەدە و دیمەشق لە درەنگی شەوی شەممە تاوەکو 8ی شوبات درێژ بکرێتەوە، لە ڤیدیۆیەکدا، یەکێک لە شێخەکان دەڵێت: "مۆڵەت کۆتایی هات و کاژێری سفر لێیدا. هەموو هۆزەکان چەکەکانیان هەڵگرتووە." ئەو شێخە بە تووڕەییەوە باسی ئەوە دەکات چیدیکە قبووڵی ناکەن وەک "کەمینە" سەیر بکرێن و دەڵێت: "هێزەکانمان لە جەزیرێ ئامادەن."

شێخێکی دیکەش رەتیدەکاتەوە هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە بکرێت و دژی فیدڕالی و "دابەشکردن"ی سووریایە. لە کاتی قسەکانیدا، گەنجانی هۆزەکە هاوار دەکەن و داوای "جەنگ.. جەنگ" دەکەن.

دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت؟

ئەوەی لە گوتەکانی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا روون بووەتەوە، واشنتن چیدیکە وەک هاوبەشی سەرەکی پشت بە هەسەدە نابەستێت، لەبەر ئەوەی ئێستا حکومەتی دیمەشق بەشێکە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش. واشنتن هەروەها پەیامی بە هێزە کوردییەکە داوە کە باشترین رێگە ئەوەیە لەگەڵ حکومەتی راگوزەر بە سەرۆکایەتیی، ئەحمەد شەرع رێکبکەون. حکومەتیش مۆڵەتی داوەتە هەسەدە کە لە ماوەی ئەم ئاگربەستدا دامودەزگاکانیان رادەست بکەن و رازیبن بەوەی شەڕڤانان تاک تاک ببنە ئەندامی سوپای سووریا، ئەگەرنا هێرشیان دەکرێتە سەر.

خەڵکی قامشلۆ لە دڵەڕاوکێدان؛ لەلایەک ترس لە شەڕی تایفی و لەلایەکی دیکەش ترس لەو چەکدارانەی کە شارەکەیان وەک "کۆگایەکی پڕ لە ئۆتۆمبێل و پارە" دەبینن بۆ تاڵانکردن.

بابەتی هاوشێوە