یەكێتی بۆ پارتی: پۆستی سەرۆک کۆمار مافی یەكێتییە

26.01.2026
جەماوەر نیوز

کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی ڕایگەیاند، پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ پاراستنی یەکڕیزیی و بەدیهێنانی مافە دەستورییەکانە لە ڕێگەی دەستورەوە و بە مافی یەکێتی دەزانن، چونکە یەکێتی هێزێکی کاریگەرە لە بەغدا. دەشڵێت، "ئەو پۆستە و ڕۆڵی یەکێتی لە بەغدا، بەشێکن لە میراتی نیشتمانیی سەرۆک مام جەلال، میراتێک کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی، هاوبەشبون و چارەسەری سیاسیی دروستبون".
وردودرشتی هەواڵ؛ 
کاروان گەزنەیی، ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا لە بەغداوە بڵاویكردەوە، وەك یەكێتی جەختدەكەینەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار، بۆ پاراستنی یەکڕیزیی و بەدیهێنانی مافە دەستورییەکان لە ڕێگەی دەستورەوە بە مافی یەکێتی دەزانن، چونکە یەکێتی هێزێکی کاریگەرە لە بەغدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، پۆستی سەرۆک کۆمار و ڕۆڵی یەکێتی لە بەغدا، بەشێکن لە میراتی نیشتمانیی سەرۆک مام جەلال، میراتێک کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی، هاوبەشبون و چارەسەری سیاسیی دروستبون، ئامادەیی سەرۆک بافڵیش لە بەغدا و بەردەوامیی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عێراق بەهەمو پێکهاتەکانەوە، نیشانەی پابەندبونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بە ئەو ڕێبازە نیشتمانی و سیاسییەی کە مام جەلال دایمەزراندوە.

لەبارەی پرسی ڕۆژئاوای کوردستان، وتەبێژی یەکێتی جەختی لەسەر گرنگیی پێویستی پێشخستنی ئەم پرسە لەنێو راگەیاندنی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، بە تایبەتی لە کەناڵە عەرەبییەکاندا، وەک پرسێکی مرۆیی پێش هەمو شتێک، بۆ ئەوەی ڕای گشتیی ناوچەکە و جیهان بە ڕونی ئاگادار بکرێن لە دۆخی مرۆیی رۆژئاوای کوردستان.

پۆستی سەرۆک کۆمار لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە، بوەتە خاڵی ناکۆکییەکانی نێوان یەكێتی و پارتی، چونکە بەپێی عورفی سیاسی دوای 2003 ئەم پۆستە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوە، لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان ساڵانێکە هەوڵدەدات ئەو قۆرخکارییە بشکێنێت و کاندیدێک لە ڕیزەکانی خۆی بخاتەڕو. 

بابەتی هاوشێوە