چوارچێوه‌ نێوه‌ندگیری یه‌كێتی و پارتی ده‌كات

26.01.2026
جەماوەر نیوز
لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه‌ زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ شیعیه‌كان پێكده‌هێنن، ئه‌مشه‌و كۆبونه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ كاندیدانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و یه‌كخستنی بۆچونه‌كان كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ی سێشه‌ممه‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌نگیان له‌سه‌ر بده‌ن.

به‌گوێره‌ی وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار بۆ خه‌ندان، لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئه‌مشه‌و له‌باره‌گای پارتی نه‌هجی نیشتمانی كۆبونه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته‌كان له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق، 

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاشكراشیكرد، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ نزار ئامێدی كاندیدی یه‌كێتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار و فوئاد حسێن كاندیدی پارتی بۆئه‌و پۆسته‌ به‌شدارن و لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ له‌هه‌وڵدان بۆئه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی به‌یه‌ك كاندید به‌شداری له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ باسی له‌وه‌شكرد، كۆبونه‌وه‌كه‌ دوای چه‌ندین هه‌وڵ و په‌یوه‌ندیی هێزه‌ سیاسییه‌كان دێت كه‌ به‌ ئامانجی یه‌كخستنی ڕیزه‌كانی هێزه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان و گه‌یشتن به‌ یه‌ك كاندید بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی مه‌رجه‌كانی قۆناغه‌كه‌ و هاوسه‌نگی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوری و سیاسی".

به‌گوێره‌ی خشته‌ی كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ینێی كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بڕیاره‌ سبه‌ینێ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، تا ئێستاش یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر یه‌ك كاندید رێكنه‌كه‌وتون و بڕیاره‌ ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانی عێراقه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر كاندیده‌كان بدرێت.

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا ناوی ئه‌و كاندیدانه‌ی ڕاگه‌یاند كه‌ مه‌رجه‌ یاساییه‌كانیان تێدابو بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق، به‌ پشتبه‌ستن به‌ بڕگه‌كانی ماده‌ی 4 له‌ یاسای بڕگه‌كانی كاندیدكردن بۆ پۆستی ژماره‌ 8ی ساڵی 2012 و ژماره‌یان گه‌یشته‌ 19 كاندید.

بابەتی هاوشێوە