چەکدارانی جۆلانی تێکشکان و دەیان کوژراو و زرێپۆش بەجێماون

26.01.2026
جەماوەر نیوز
تێکشکانی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی جۆلانی لە کۆبانێ و گوندەواری حەسەکە؛ دەیان کوژراو و زرێپۆش بەجێماون
سیامەند عەلی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە بۆ ڕووداو ڕیگەیاند، بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، هێزەکانی سووریای دیموکرات توانیویانە زنجیرەیەک هێرشی چڕی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی و هێزەکانی حکومەتی سووریا لە چەند میحوەرێکی جیاواز تێکبشکێنن.
سیامەند عەلی ئاماژەی بەوەشداوە، لە گوندی سەفا و ناوچەی جەل ئاغا، چوار هێرشی بەرفراوان ئەنجامدراون کە سەرجەمیان پووچەڵکراونەتەوە. لە سێ هێرشیاندا هێزەکانی حکومەت زیانێکی مرۆیی یەکجار زۆریان بەرکەوتووە و نێوان ٣٠ بۆ ٤٠ تەرم و چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشیان لە مەیدانی جەنگەکەدا بەجێهێشتووە.
جەختیشیکردۆتەوە،لە یەکەم هێرشیاندا بۆ سەر گوندی سەفا، دوای ئەوەی زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، پەنایان بۆ بەکارهێنانی هۆزە ناوخۆییەکان بردووە وەک قەڵغانی مرۆیی. سەرەڕای بەکارهێنانی تۆپ و چەکی قورس، هیچ پێشکەوتنێکیان بەدەست نەهێناوە و پاشەکشەیان کردووە.
ئەو بەرپرسە ئەوەشی ڕوونکردەوە، لە سنووری کۆبانێ و لە هەردوو ناوچەی خەراب عەشک و جەلەبیە، گرووپە چەکدارەکان کەوتوونەتە ناو بۆسەیەکی توندەوە، لە ئەنجامدا دوو تانکیان تێکشکێنراوە و زیانی گەورەی گیانی و ماددییان بەرکەوتووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشبەران لەو میحوەرەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (بایراکتار)ی تورکیا و تۆپخانە بەکاردەهێنن بۆ پاڵپشتیکردنی هێرشەکانیان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە هیچ پێشڕەوییەک بکەن.
سیامەند عەلی دەشڵێیتت، سەبارەت بە ناوەندی شاری حەسەکە و لادێکانی دەوروبەری، تاوەکو ئێستا هیچ هێرشێکی ڕاستەوخۆ تۆمار نەکراوە و بارودۆخەکە لەژێر چاودێریدایە و سەرجەم خاڵە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکانی شەڕدا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانماندا ماونەتەوە و ورەی شەڕڤانان لە ئاستێکی بەرزدایە.

بابەتی هاوشێوە