وه‌زاره‌تی دارایی هۆشداریده‌دات؛ موچه‌ی به‌شدارنه‌بوانی هه‌ژماری من راده‌گیرێت

27.01.2026
جەماوەر نیوز
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، موچه‌ی مانگی (كانونی دوه‌م/1)ی ئه‌مساڵی ئه‌و موچه‌خۆرانه‌ راده‌گیرێت كه‌ تا ئێستا له‌ پرۆژه‌ی (هه‌ژماری من) خۆیان تۆمارنه‌كردوه‌ و هۆشداریشده‌داته‌ بانكه‌كان، ئه‌گه‌ر پابه‌ند نه‌بن به‌ ڕێنماییه‌كان و نه‌توانن باشترین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ موچه‌خۆران بكه‌ن، دورده‌خرێنه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی كه‌ ئه‌مڕۆ بڵاویكردۆته‌وه‌، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابوری له‌ تیمی سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌ی (هه‌ژماری من) له‌ نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم، باس له‌ دوایین هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ و چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه‌ كرا كه‌ له‌ بانكه‌كان دروستبون.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاری وه‌زاره‌تی دارایی كرایه‌وه‌ بۆ ڕاگرتنی موچه‌ی مانگی (كانونی دوه‌م/1)ی ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و موچه‌خۆرانه‌ی خۆیان له‌ پڕۆژه‌ی (هه‌ژماری من) تۆمار نه‌كردوه‌ یاخود كارتی بانكییان ته‌واو بوه‌ و كارته‌كانیان وه‌رنه‌گرتوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا ڕێكاری پێویست له‌گه‌ڵ ئه‌و بانكانه‌ بگیرێته‌به‌ر كه‌ له‌ مانگه‌كانی ڕابردو كێشه‌ی نه‌بونی سه‌نته‌ری په‌یوه‌ندی و دره‌نگ پڕكردنه‌وه‌ی ئامێره‌كانی ڕاكێشانی پاره‌ و كه‌می ئامێریان  (ATMیان هه‌بوه‌ و هۆشداری توندیان پێبدرێت بۆ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی ئه‌و كێشانه‌.

وه‌زاره‌تی دارایی باسی له‌وه‌شكردوه‌، پرسی كێشه‌كانی بانكی بازرگانی عێراقی ( TBI ) یه‌كێكی دیكه‌ بو له‌ ته‌وه‌ره‌كانی كۆبونه‌وه‌كه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردودا ئه‌و بانكه‌ چه‌ندین كێشه‌ی هه‌بوه‌ له‌وانه‌ كێشه‌ی ته‌كنیكی به‌رده‌وام و دانه‌نانی ئامێری ڕاكێشانی پاره‌ له‌ قه‌زا و ناحیه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان و نه‌بونی سه‌نته‌ری په‌یوه‌ندیكردن و كه‌می ئامێری ڕاكێشانی پاره‌ له‌ سه‌نته‌ری پارێزگاكان و دره‌نگ پڕكردنه‌وه‌ی ئامێره‌كانی ڕاكێشانی پاره‌، به‌و هۆیه‌وه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له‌و بانكه‌ ناوی خۆیان تۆماركردبو له‌ ئێستادا به‌شێوه‌ی ئاره‌زومه‌ندانه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ سه‌ر بانكی دڵخوازی دوه‌می خۆیان و ئیجرائاتی پێویستیش له‌گه‌ڵ بانكی TBI ده‌كرێت، هه‌ر بانكێكیش توشی سزا و سنورداركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان ببێته‌وه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌ دورده‌خرێته‌وه‌، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ش هه‌ر بانكێك ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ پابه‌ند نه‌بێت به‌ ڕێنماییه‌كان و نه‌توانێت باشترین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ موچه‌خۆران بكات.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوه‌كانی تۆماركردنی خانه‌نشینان و كه‌سوكاری شه‌هیدان و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان له‌ پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من وه‌زاره‌تی دارایی ئاشكرایكردوه‌، له‌كۆی 455 هه‌زار سودمه‌ند تا ئێستا 438 هه‌زاریان زانیارییه‌كانیان وه‌رگیراون و زیاتر له‌ 354 هه‌زار كه‌سیشیان له‌ پڕۆژه‌كه‌ تۆماركراون و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سه‌رجه‌میان تۆمار ده‌كرێن.

وه‌زاره‌تی دارایی رونیشیكردۆته‌وه‌، "كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی بۆ جوتیاران له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌ستیپێكردوه‌ به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م جوتیاران ببنه‌ خاوه‌ن هه‌ژماری بانكی و شایسته‌ی فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ ڕێی كارتی بانكییه‌وه‌ وه‌ربگرن".

به‌پێی دوایین ئاماره‌كان تا ئێستا زیاتر له‌یه‌ك ملیۆن فه‌رمانبه‌ر و موچه‌خۆر و سودمه‌ندان له‌ پرۆژه‌ی هه‌ژماری من تۆماركراون و بۆ موچه‌ی ئه‌م مانگه‌ نزیكه‌ی 700 هه‌زار موچه‌خۆر له‌ ڕێگه‌ی (هه‌ژماری من) موچه‌ وه‌رده‌گرن.

بابەتی هاوشێوە