سەرۆکایەتی كۆماری سوریا: ترەمپ پشتوانی لە ئاگربەست دەكات

28.01.2026
جەماوەر نیوز
سەرۆکایەتی كۆماری سوریا بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پێشوازی لە رێككەوتنی ئاگربەست و تێكەڵكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كردوە و لەگەڵ سەرۆكی كاتی سوریا رێككەوتون لەسەر پێویستی پیادەكردنی زمانی دیالۆگ لە چارەسەرکردنی ململانێ ناوچەییەكان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆکایەتی كۆماری سوریا، ئەمشەو ئەحمەد شەرع  پەیوەندییەکی لە ترەمپەوە پێگەیشتوە و باسیان لە پێشهاتەکانی قۆناغی راگوزەر و هەوڵەکان بۆ بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری کرد كە شەرع جەختیكردوتەوە لە یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی و گرنگی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پێشگرتن له گەڕانەوەی رێکخراوه تیرۆریستییەکان.
ئاماژەی بەوەشكرد، شەرع و ترەمپ رێككەوتون لەسەر پێویستی پیادەكردنی زمانی دیالۆگ لە چارەسەرکردنی ململانێ ناوچەییەكان و ترەمپ پاڵپشتی خۆی بۆ بونیادنانی سوریای یەکگرتو دوپاتکردوەتەوە و پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەستکردوە و ستایشی لێکتێگەیشتنەکانی سەبارەت بە یەکخستنی هەسەدە کردوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوكە، ترەمپ جەختی لە پشتیوانی واشنتن كردوەتەوە بۆ هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە لە سوریا و هاندانی وەبەرهێنان، هەروەها سەرۆكی ئەمریكا جەختیكردەوە كە سەقامگیری ئابوری سوریا بەردی بناغەی سەقامگیری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

لەلایەكی دیكەوە كۆشكی سەرۆكایەتی ڕوسیا (كرێملن) ڕایگەیاند، شەرع سەردانی ئەو وڵاتە دەكات و سبەی چوارشەممە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتنی سەرۆک ڕوسیا بارودۆخی ئێستا و ئاسۆی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ دەکەن.

ئەوە لەكاتێكدایە له‌ 6ـی ئه‌م مانگه‌وه‌ هێرشی فراوانی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی دیمه‌شق بۆ سه‌ر هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ و ئاسایشی ناوخۆی حه‌له‌ب ده‌سیتپێكردوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی عه‌ره‌بی كشاونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌ كوردییه‌كانی رۆژاڤا، به‌ڵام هێشتا گروپه‌كان هه‌وڵی پێشڕه‌وی ده‌ده‌ن و ڕوبەڕوی بەرگرییەكی توندی شەڕڤانان بونەتەوە.
بەڵام ئەمشەو تەلەفیزیۆنی فەرمی سوریا بڵاویكردەوە، هەسەدە و دیمەشق ڕێككەوتن، كە ئەوەش دەبێتە هۆی ڕاگرتنی هێرشی گروپەكان. بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە هەسەدە لە شوێنەكانی خۆی دەمێنێتەوە، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی دیمەشقیش دەچێنە ناو شارە كوردییەكانەوە، لەكاتێكدا بەرپرسانی ڕۆژاڤا تاكو ئێستا ڕێككەوتنەكەیان پشتڕاست نەكردوەتەوە.

بابەتی هاوشێوە