ئەمریکا دیکتاتۆرێکی بێباک و هاوپەیمانێکی بێبار و ئاگری بنکای ئاژاوەکان

28.01.2026
جەماوەر نیوز
ئەمریکا دیکتاتۆرێکی بێباک و هاوپەیمانێکی بێبار و ئاگری بنکای ئاژاوەکان
ئەگەر بەخێرایی چاوێک بە هەڵوێست و کردارەکانی ئەمریکادا بگێڕینەوە، زۆر بەسانایی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەمریکا هەرکاتێک دەسەڵات و توانای کارێکی هەبووبێت بەبێ گوێدانە یاساو پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ، بێسڵەمینەوە ئەنجامیداوە، ئەمەش لە هەڵکوتانە سەرو لێدان لەئامانجەکانییەوە لەناو سنوری هەر وڵاتێکدا بووبن تا ڕفاندنی سەرۆکی وڵاتانی وەک مانوێل ئۆرپێگای پەنەما لەکۆتایی هەشتاکان و نیکۆلاس مادۆرۆی ڤەنزوێلا بینیمان، ئەمەش هەر ئەوکارەیە کە دیکتاتۆرەکان لەناوەو دەرەوەدا دەیکەن. هەروەها ئاگری بنکای شەڕەکانی ئەفغانستان و ڕوسیاو ئۆکرانیا، ئ.ی.سرا ئیل و فەڵەستین و غە.ز.زە، پەلاماردانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاتی گفتوگۆدا، شەڕی یەمەن و شەڕەکانی عێراق و سوریاو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەبووە لەگەڵ ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرەی کە چاوەڕێ دەکرێت لەناوچەکەدا ڕووبدات و زەرەرمەندی یەکەمی هەموو شەڕو ئاڵۆزییەکانیش هاوڵاتییان و دانیشتوانانی ناوچەکەن و وێرانبوونی وڵاتەکان و داڕمانی ئابووری و ژیان و ژیاری خەڵکی ڕۆژهەڵات و ناوچەکەن. جگەلەوە یەکێک لەتایبەتمەندییەکانی ئەمریکا بێباری و بێئەمەکییەتی بەرامبەر بە دۆست و هاوپەیمانەکانی و هەر کاتێک بەرژەوەندی گۆڕابێت زۆر بەئاسانی هەڵوێستەکانی بەتەواوی پێچەوانە کردۆتەوەو بێباکانە دەستی لەهاوپەیمان و دۆستەکانی بەرداوە، ئێمەی کوردیش لەهەموو گەلێک زیاتر گەواهیدەرو بینەری ئەم بێباری و هەڵگەڕانەوەیەی ئەمریکا بووین، هەر لەدەستبەردان لەشۆڕشی کورد دوای ڕێکەوتننامەی ٦ی ئازاری جەزائیرەوە تا چاوداخستن و ڕێگەدان بە حکومەتی عێراقی تا هێرشبکاتە سەر کوردی هاوپەیمانی دوای شەڕی د.ا.ع.ش لە ١٦ی ئۆکتۆبەرو هەروەها پشتکردنە هەسەدەو ڕۆژئاوای کوردستان و پاڵپشتیکردنی محمد جۆلانیی دەستگیرکراوی لای خۆیان و ڕێگەدانی بەکۆمەڵکوژی و تیرۆرکردنی کورد و دروزو عەلەوییەکان و چاوداخستن لەتاوانەکانی نەک هەر ئەوە فشارکردن لەڕۆژئاواو ئەو هێزەی، کە بەدرێژایی شەڕی د.اع.ش هاوپەیمان و هێزی سەنگەری پێشەوەی شەڕی تیرۆستان بوون بە ڕێککەوتنی ١٦ی کانونی دووەم، تا ملکەچی دەسەڵاتێکی مرۆڤکوژو ناشارستانییەتی شەرع ببن، کارەکتەرەکانی کەیسنجەر و مەکۆرگ و تۆم باراک جێبەجێکەری ئەم پیلان و پلانانە بوون و بەردەوام خەنجەری ژەهراویان لەپشتی خەبات و شۆڕشی کوردداوە.
ئەمانە بەشێکن لەو هەڵوێست و کردەوانەی ڕووی ڕاستەقینەی ئەمریکا دەردەخەن، هۆکارو دروستکەری هەموو ئەو شەڕو کێشەو ئاژاوانەن لەناوچەکەو دنیادا ڕوودەدەن، بۆیە ئێمە لەپارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان زۆر بەتوندی دژی هەر جۆرە شەڕو ئاژاوەیەکین لەناوچەکەدا ڕووبدات و خەڵک و هاوڵاتیان بکەنە قوربانی بەتایبەتی دژی کوردو لەسەر خاکی کوردستان بێت، وەک ئەو کارە دوور لەهەموو بەها ئەخلاقی و سیاسییانەی دژی کورد لەڕۆژئاوای کوردستاندا ڕوودەدەن، کە وەک زامێکی بەسوێی لەبیرنەکراوە لەناخی هەموو کوردێکدا دەمێنێتەوە، هەروەها پێمانوایە دەبێت کورد بەئاگابێت و چیتر بەبەڵێنی درۆو پیاهەڵدانی قەرەمانانی جەنگ و دروشمی بێکردار هەڵنەخەڵەتێین و بزانین، کە تەنیا چیاکان دۆستمانن و هیچ کات ئەمریکا و هاوپەیمانان دۆستمان نەبوون و نابن، دەبێت خۆمان دۆستی خۆمان بین و بەیەکریزی و دڵسۆزی و دووربینییەوە ئایندەی خۆمان بنیات بنێین.
د.فەرهاد تۆفیق
وتەبێژی فەرمی
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

بابەتی هاوشێوە