کۆبانێ له‌دۆخێكی هه‌ستیاردایه‌؛ مەترسی داخستنی نەخۆشخانەی منداڵان هەیە

29.01.2026
جەماوەر نیوز

کۆبانێ لەژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردایه‌ کە مەترسی لەسەر ژیانی نزیکەی 600 هەزار کەس دروستدەکات، لە کاتێکدا دانیشتوانەکەی ڕوبەڕوی کەمی سوتەمەنی و خۆراک و دەرمان دەبنەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە مەترسیی جددی هەیە لە وەستانی کارەکانی نەخۆشخانەی منداڵان، هاوکات خەڵک بەردەوامن لە بەرخۆدان و هاودەنگی خۆیان بۆ ڕووبەڕوبونەوەی هێرشەکان هه‌یه‌.


ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ دیمه‌شقه‌وه‌ به‌سه‌ر كۆبانێدا و لادێکانی دەوروبەریدا سەپێنراوە، بەردەوامە و دانیشتوانەکەی ناچارکردوە بەرگەی بارودۆخی ژیانی لەڕادەبەدەر سەخت بگرن. 

به‌گوێره‌ی ئاژانسی هاوار نیوز، سەرەڕای هێرشەکان و گەمارۆدان، دانیشتوانی كۆبانێ و گونده‌كان ده‌وروبه‌ری لە بەرامبەر ئەو تەحەددایانە هاودەنگی و یەکڕیزییەکی بەرچاویان نیشانداوە.

دانیشتوانی كۆبانێ بەپێی پێویستییەکانی دۆخی ئێستا خۆیان ڕێکخستوە، سەرەڕای پەرەسەندنی ئاستەنگییەکان، هەوڵیانداوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بپارێزن. 

كۆبانێ تا ئێستاش له‌ ژێر گەمارۆدایە و لەلایەن بەکرێگیراوانی حکومەتی کاتی و بەکرێگیراوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ئەوەش قەیرانی مرۆیی زیاتر دەکات. 

کەرتی تەندروستی بەدەست کەمیی سوتەمەنی گازوایلەوە دەناڵێنێت، ئەوەش ڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر کارپێکردنی نەخۆشخانەکان دروست دەکات، مەترسییەکی گەورەی هەیە کە نەخۆشخانەی منداڵانی ئیکۆر ناچار بێت دابخرێت و ئۆکسجین بەردەست نەبێت بۆ ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان.

لە ڕوی مرۆییەوە، پێداویستی خۆراک لە زۆربەی دوکانەکاندا تەواو بوە و سەوزەواتەکان نزیکە بە تەواوی بەردەست نەبن، ئەوەش دانیشتوانەکەی توشی قەیرانێکی خۆراکی ترسناک کردوە. 

نزیکەی 600 هەزار کەس لەژێر ئەو گەمارۆدا دەژین، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ترسەکان لە ئەگەری بەردەوامبونی دۆخی ئێستای کۆبانی لە ئەگەری جینۆساید دژی خەڵکی کۆبانی.

سەرەڕای ئەو هەلومەرجە سەختانە، خەڵکی کۆبانێ بەردەوامن لە به‌رخۆدان و خۆڕاگری خۆیان، دوپاتی دەکەنەوە کە هاودەنگیی جەماوەری دیارترین چەکی ڕوبەڕوبونەوەی گەمارۆ و هێرشەکانە و شارەکە وەک هێمای ئیرادە و چەسپاندنی ژیان دەمێنێتەوە.

بابەتی هاوشێوە