حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا: دەبێت 384 ملیار دۆلار قەرەبوومان بدەنێ

29.01.2026
جەماوەر نیوز
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە دەبێت حکومەتی عێراق زیاتر لە 384 ملیار دۆلار لە بەرامبەر ئەو زیانانە بداتە هەرێمی کوردستان کە بە هۆی تاوانەکانی ڕژێمەکانی پێشووی عێراق لە کوردستان دراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتێکی دەربارەی داتا و خەمڵاندنی ئەو زیانانە بڵاوکردەوە کە لە ئەنجامی تاوانەکانی ڕژێمەکانی پێشووی عێراق لە نێوان ساڵانی 1963 – 2003 بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان ئەنجامدراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، قەبارەی ئەو زیانە داراییانەی بەهۆی سیاسەتە چەوسێنەرەکان و تاوانە جۆراوجۆرەکانی ڕژێمی پێشوو بە هەرێمی کوردستان گەیشتوون، بە 384 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ڕوونیشیکردەوە کە خەمڵاندنی زیانەکان بەم شێوەیە؛
زیانە مرۆییەکان: گەورەترین بەشی زیانەکان پێکدەهێنێت و بە 306ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.
زیانە ماددییەکان: بڕی 32.8 ملیار دۆلار زیانی ماددی بە ژێرخان و ماڵ و سامانی هاووڵاتییان کەوتووە.
زیانە ژینگەیی و ناڕاستەوخۆکان: بەهۆی تێکدانی ژینگە و لێکەوتە ناڕاستەوخۆکان، بڕی 10 ملیار دۆلار زیان تۆمارکراوە.
پشتگوێخستنی بەئەنقەست و دووبارە ئاوەدانکردنەوە: بڕی 35 ملیار دۆلار دیاریکراوە بۆ ئەو ناوچانەی بە ئەنقەست پشتگوێ خراون و پێویستیان بە ئاوەدانکردنەوە هەیە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە  ڕژێمی پێشووی عێراق زنجیرەیەک تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجامداوە، لەوانە کیمیاباران، ئەنفال و وێرانکردنی هەزاران گوند.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاشیگەیاندووە کە بەپێی دەستووری عێراقی فیدراڵ، حکومەتی ئێستای عێراق وەک میراتگری ڕژێمەکانی پێشووە و بەرپرسیارێتی یاسایی و دەستووری لەسەرە و دەبێت قەرەبووی زیانلێکەوتووانی خەڵکی کوردستان بکاتەوە و ئەو بڕە پارەیە وەک مافێکی ڕەوا بۆ گەلی کوردستان بگەڕێنێتەوە.




بابەتی هاوشێوە