نوری مالیکی دەستبەرداری کاندیدبونی خۆی بۆ پێکهێنانی كابینه‌ی نوێی حکومەتی عێراق نابێت

31.01.2026
جەماوەر نیوز
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئه‌مڕۆ شەممە رایگه‌یاند، دەستبەرداری کاندیدبونی خۆی بۆ پێکهێنانی كابینه‌ی نوێی حکومەتی عێراق نابێت، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌.
نوری مالیکی لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا، سەبارەت بە کاندیدکردنی کاندیدی گەورەترین بلۆک بۆ پێکهێنانی حکومەت، رایگه‌یاند، "ژیانێکی سیاسی و دیموکراسی لە عێراق لە دوای خەباتێکی سەخت و قوربانیدانی بێئەندازە و خوێنی شەهیدان هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌، شانازی بەو دەستکەوتە دەکەین و پابەندین پێیەوە، سوپاسی گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکانیان دەکەین بۆ ئیرادەیان بۆ پاراستنی ئازادی و دیموکراسی".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەڵبژاردنە یەک لە دوای یەکەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە گەلی عێراق و دامەزراوەکانی بنیاتنانی دەوڵەت بەهاکانی دیموکراسی و ئازادی و هاوبەشی سیاسییان لە باوەش گرتوە".

نوری مالیکی باسی له‌وه‌كردوه‌، "دەستبەرداری ئەو دەستکەوتە نابین و سازش لەسەر مافی گەلی عێراق ناکەین کە ئەو کەسانە هەڵده‌بژێرن کە متمانەیان پێیەتی و بە لێهاتویی دەزانن بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵات".
نوری مالیکی رونیكرده‌وه‌، "ئێمە ڕێز لە ئیرادەی نیشتمانی و بڕیاری سەربەخۆمان دەگرین، چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کەسانی دیکەش ڕێز لەو بڕیارە بگرن، هەڵبژاردنی حکومەت و سەرکردەکانمان بابەتێکی نیشتمانییە کە دەبێت ڕێزی لێبگیرێت، هەروەک چۆن ئێمە ڕێز لە هەڵبژاردنی ئەوانی دیکە دەگرین".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاومان لە دامەزراندنی پەیوەندییەکی هاوسەنگی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لەگەڵ هەمو زلهێزە ناوچەیی و گەورەکاندا هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی هاوکاریان لەگەڵمان کردوە و لە داهاتوشدا هاوکار دەبن، لەسەر بنەمای هاوبەشی و بەرژەوەندی هاوبەش، دور لە هەر دەستوەردانێک یان کاریگەرییەکی نەرێنی". 
پاشخانی هه‌واڵ؛
27ی ئه‌م مانگه‌، دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا لە پەیامێكدا لە پلاتفۆڕمی "Truth Social" بڵاویكردەوە، "دەبیستم کە وڵاتی مەزنی عێراق لەوانەیە بژاردەیەکی زۆر خراپ بکات بە دوبارە دەستنیشانکردنەوەی نوری مالیکی وەک سەرۆک وەزیران. جاری پێشو کە مالیکی لە دەسەڵات بو، وڵاتەکە کەوتە ناو هەژاری و پشێوییەکی تەواوەوە. 

ئاماژەی بەوەشكرد، "نابێت ڕێگە بدرێت ئەوە جارێکی تر ڕوبداتەوە (مالیكی هەڵبژێردرێتەوە)، بەهۆی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا شێتانەکانییەوە، ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا چیتر یارمەتی عێراق نادات، ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدان، عێراق هیچ چانسێکی بۆ سەرکەوتن، گەشەسەندن، یان ئازادی نابێت. عێراق دوبارە مەزن بکەنەوە!".

چوارچێوەی هەماهەنگی، شەوی 24ـی ئەم مانگە كاندیدكردنی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەفەرمی ڕاگەیاند. هەروەها داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد "دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەپێی کاتە دەستورییەکان ئەنجامبدات".

بابەتی هاوشێوە