نرخی گەشتی عومرە دوو هێندە بەرز دەبێتەوە

03.02.2026
جەماوەر نیوز
نرخی گەشتی عومرە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سعودیە لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە بۆ مانگی رەمەزان بەرزبووەوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دەڵێت، لە رەمەزاندا لە سعودیەش نرخی هۆتێل و خواردن بەرز دەبێتەوە.

ئێستا گەشتێکی ئاسایی بۆ ماوەی 10 رۆژ بۆ رێوڕەسمەکانی عومرە نزیکەی 500 دۆلارە بە رێگەی وشکانی و گەشتی ئاسمانی لە 900 بۆ هەزار دۆلارە، بەڵام هەردوو نرخەکە بۆ گەشتی مانگی رەمەزان، بەرزبوونەتەوە.

کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە  راگەیاند، بۆ مانگی رەمەزان نرخی گەشتی عومرە بە وشکانی دەگاتە نزیکەی هەزار دۆلار بۆ 10 رۆژ و بە ئاسمانی هەزار و 300 دۆلار.

گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی: "عومرەکردن لە مانگی رەمەزاندا تایبەتە و موسڵمانان چێژی زیاتری لێ دەبینن، لەو مانگەدا لە هەموو جیهانەوە عومرەکاری زیاتر دەچنە سعودیە و بەهۆیەوە نرخەکان کەمێک بەرز دەبنەوە".

بەگوتەی کاروان ستوونی، لە مانگی رەمەزاندا لە سعودیە نرخی پێداویستییەکانی مانەوە لەو وڵاتە بەرز دەبێتەوە، لەوانە نرخی هۆتێل و خۆراک، ئەوەشی بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخ زانی.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 50 هەزار هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی عومرە دەچنە سعودیە.

بابەتی هاوشێوە