به‌رپرسێکى باڵاى تورکمان : دوو هه‌زار خێزانى تورکمان له‌ که‌رکوک ئاواره‌ى شاره‌کانى ترى هه‌رێمى کوردستان بوون

30.07.2019
جەماوەر نیوز
دیار ئاواره‌
به‌رپرسێکى تورکمانى له‌ شارى که‌رکوک ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت که‌ حه‌شدى شه‌عبى له‌ دواى  16ى ئوکتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ که‌رکوک 2000 خێزانى تورکمانى له‌ شاره‌ که‌ ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر کردووه‌  چه‌ندین باره‌گاى پارته‌ تورکمانه‌کانیشى داگیر کردووه‌.
دوره‌ید قوریالى, سه‌رۆکى پارتى شروقی تورکمانى له‌ که‌رکوک به‌ جه‌ماوه‌ر نیوزى ڕاگه‌یاند کاربه‌ده‌ستانى که‌رکوکى دواى 16ى ئوکتوبه‌ر ،به‌ تایبه‌ت راکان سه‌عیدى پارێزگا سه‌پێندراوه‌که‌ و حه‌شدى شه‌عبى له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان ئه‌و تورکمانانه‌ى که‌ ناچنه‌ ژێر ڕکێڤیان وله‌ ژێر فه‌رمانى ئه‌واندا کار ناکه‌ن و دژى کورد ناوه‌ستنه‌وه‌ له‌ که‌رکوک له‌ شاره‌که‌ دووریانبخه‌نه‌وه‌و و له‌ مافه‌کانیان بێبه‌شیان بکه‌ن ته‌نانه‌ت فشاریش ده‌خه‌نه‌ سه‌ریان بۆ ئه‌وه‌ى شاره‌که‌ به‌جێبهێڵن وسه‌رى خۆیان هه‌ڵبگرن.
ناوبراو وتيشى 16ى ئوکتۆبه‌ر کاره‌ساتێک بوو چه‌ند بۆ کورد خراپ بوو و ئه‌وه‌نده‌ش بۆ تورکمان ومه‌سیحیش خراپ بوو که‌ به‌و هۆیه‌وه‌ و له‌ ترسى حه‌شدى شه‌عبى و هه‌ڕه‌شه‌کانى 2000 خێزانى تورکمان ئاواره‌بوون وله‌ ئێستادا له‌ ناو که‌مپه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ژین، هه‌روه‌هاش چه‌ندین باره‌گاى پارته‌ تورکمانه‌کانیش له‌ که‌رکوک له‌ لایه‌ن هێزه‌کانى عه‌سائیبى سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبى داگیرکراون له‌گه‌ڵ چه‌ندین خانووى به‌رپرسى ئه‌و پارته‌ تورکمانیانه‌.
به‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌منى له‌ ئێستادا له‌ که‌رکوک لاوازه‌ و وه‌کو ئه‌و کاته‌ نییه‌ که‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى لێبوو ژماره‌یه‌کى زۆرى چه‌کدارى داعش هاتونه‌ته‌ نێو شاره‌که‌و ده‌ستییان به‌ کاری ڕێکخستنه‌وه‌ و پلاندانى نهێنيان داناوه‌ بۆ ئه‌نجامدانى کارى تیرۆریستى وتێکدانى بارودۆخى که‌رکوک که‌ ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ئاینده‌یه‌کى نزیکدا بارودۆخى ئه‌منى شاره‌که‌ تێکبده‌ن وهێزه‌ ته‌ناهییه‌کانى شاره‌که‌ش هیچ باکییان نییه‌, چونکه‌ ئه‌وان بۆ پاراستى سه‌روماڵى هاوڵاتییان نه‌هاتوون به‌ڵکو ئه‌وان هاتوون ته‌عدا له‌ خه‌ڵک بکه‌ن و په‌لاماریان بده‌ن.
دوره‌ید قوریاڵى هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد پارێزگا سه‌پێندراوه‌که‌ى که‌رکوک مامه‌ڵه‌ى خراپ له‌گه‌ڵ تورکمانه‌کانى که‌رکوکدا ده‌کات, به‌ڵام ئه‌وان پێى نازانن وهه‌ر ده‌چنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ لاى ئه‌و بێجکه‌ له‌ که‌س وکارو ده‌وروپشته‌که‌ى متمانه‌ى به‌ که‌س نییه‌ بۆیه‌ تاکو بۆى بکرێت ڕةفتارى ناشرین دژ به‌ پێکهاته‌کانى که‌رکوک ئه‌نجامده‌دات ، ئه‌و وه‌ک چۆن چه‌ندین به‌رپرس وفه‌رمانبه‌رى کوردى له‌ پۆسته‌کانیان دوور خسته‌وه‌ ئاوه‌هاش چه‌ندین به‌رپرس وفه‌رمانبه‌رى تورکمانیشى دوور خستۆته‌وه‌, به‌ڵام تورکمانه‌کان له‌ به‌ربه‌رژه‌وه‌ندى خۆیان یاخود له‌ ترسدا ناتوانن باسى بکه‌ن.
سه‌رۆکى پارتى شروقى تورکمانى جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ هه‌تاکو هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌ته‌واوه‌تى نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌رکوک و بارۆخى شاره‌که‌ش نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ پێش 16ى ئوکتۆبه‌ر و حه‌شدى شه‌عبیش پاشه‌کشه‌ نه‌کات ودوور نه‌خرێنه‌وه‌ دۆخى ئه‌منى که‌رکوک باش نابێت.
 سه‌رۆکى پارتى شروقی تورکمانى ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد بێجگه‌ له‌ کورد لایه‌نه‌ له‌ لایه‌ن تورکمانه‌کانیش ئه‌وه‌ ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ هیچ هێزێک بێچکه‌ له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ ناتوانێت که‌رکوک وکه‌رکوکییه‌کان له‌و مه‌ترسییانه‌ى که‌ ڕوو له‌ ناوچه‌که‌ ده‌که‌ن بپارێزێت.
وتيشى له‌و کاته‌ى حه‌شدى شه‌عبى هاتۆته‌ که‌رکوک رێژه‌ى تاوانى جۆراوجۆر زیادى کردووه‌،دزین وکوشتن زورتربووه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌کیش لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و تاوانانه‌ ناکرێت و تومه‌تبارانیش ناگیرێن، ئه‌وانه‌ش که‌ ئه‌و جۆره‌ تاوانانه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن په‌ناوپشتییان هه‌یه‌ و که‌سیش ناتوانێت لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ بکات ،بۆیه‌ که‌رکوک له‌ ئێستادا له‌ موڵگاى تاوان ومافیا زیاتر هیچى دیکه‌ نییه‌.
هاوڵاتییه‌کى تورکمانى شاره‌که‌ش که‌ نه‌یویست ناوى له‌ جه‌ماوه‌ر نیوزدا له‌ به‌ر حاڵه‌تى ئه‌منى بڵاو بکرێته‌وه‌ {ايطةياند حه‌شدى شه‌عبى هه‌ڵده‌کوتنه‌ سه‌رمان وداوى پاره‌مان لێده‌که‌ن ،ئه‌گه‌ریش پاره‌یان نه‌ده‌ینێ ئه‌وا ته‌عدامان لێده‌که‌ن ولێمان ده‌ده‌ن ، تورکمان هه‌بووه‌ که‌ خاوه‌ن کاره‌گه‌یه‌ له‌ که‌رکوک یاخود ده‌وڵه‌مه‌نده‌ حه‌شد چووه‌ته‌ سه‌رى و داواى پاره‌یه‌کى زۆریان لێکردووه‌ ئه‌ویش نه‌یداوه‌ ودواتر هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌یان لێکردووه‌ که‌ ئه‌گه‌ر پاره‌ نه‌ده‌ن ئه‌وا کوڕه‌که‌ى یاخود کچه‌که‌ى ده‌ڕفێنن.
ئه‌و هاوڵاتییه‌ گوتیشى له‌ ئێستادا ژیانى زۆرینه‌ى تورکمانه‌کانى که‌رکوک له‌ مه‌ترسیه‌کى خراپدایه‌ به‌ هۆى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ وله‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان شاره‌که‌ به‌جێبهێڵن و ڕوو له‌ هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن ،چونکه‌ بۆیان ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ ئه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنى گیانى هاوڵاتى که‌رکوک به‌بێ جیاوازى ده‌یکات به‌ هیچ هێزێکى دیکه‌ ناکرێت و قورسیشه‌ له‌ سایه‌ى ده‌سه‌ڵاتێکدا بژیت که‌ له‌ بڕى ئه‌وه‌ى بتپارێزێت ته‌عدات لێبکات