ده‌قى ووتارى به‌رێز عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان له‌رێوڕه‌سمى یادکردنه‌وه‌ى جینۆسایدکردنى ئێزدییه‌کان

04.08.2019
جەماوەر نیوز
به‌رێز عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌رێوڕه‌سمى یادکردنه‌وه‌ى جینۆسایدکردنى ئێزدییه‌کان له‌ دهۆک ووتارێکى پێشکه‌ش کرد ،ئه‌مه‌ده‌قه‌که‌یه‌تى :

به‌ناوى خواى گه‌وره‌ى میهره‌بان

به‌رێز /  سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان 
به‌رێز /  سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان
به‌رێز /  جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق
به‌ڕێزان ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران 
به‌ڕێز/  نوێنه‌رى سه‌رۆک کۆمارى عێراق 
به‌ڕێزان نوێنه‌رانى وڵاتان و کونسوڵگه‌ریه‌کان له‌هه‌رێمى کوردستان
به‌ڕێزان نوێنه‌رى رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى 
 
به‌رێزان سه‌رۆک و ئه‌ندامانى به‌رێزى ئه‌نجوومه‌نى روحانى کوردانى ئێزیدی..
به‌رێزان که‌سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆسایدى ئێزیدى  
- ئاماده‌بووانى به‌رێز...

به‌ ناوى وه‌زاره‌تى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، به‌خێرهاتنى هه‌موو لایه‌کتان ده‌که‌ین بۆ پێنجه‌مین ساڵیادى جینۆسایدکردنى خوشک و برایانمان له‌ کوردانى ئێزدی.

 رۆژى 3ى ئابى 2014 ده‌ستى تاوانى تیرۆریستانى داعش گه‌یشته‌ دانیشتووانى سڤیلى شه‌نگال وده‌وروبه‌رى و دوور له‌ هه‌موو به‌هایه‌کى ئاینى و ئه‌خلاقى و مرۆڤایه‌تی، قه‌تل و عامیان کردن، له‌ کاره‌ساتێکدا که‌ مێژووى نوێى مرۆڤایه‌تى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیبوو.

کوردانى ئێزدى که‌ شوێنکه‌وتووانى ئایینێکى دێرین و ئاشتیخوازى کوردستانن به‌ درێژایى مێژوو 74 جار رووبه‌ڕووى فه‌رمان ومه‌رگه‌سات بوونه‌ته‌وه‌، که‌ یه‌کێک له‌ دڕندانه‌ترینیان شاڵاوى داعش بوو.

له‌م کاره‌ساته‌دا هه‌زاران هاونیشتمانیى ئێزدى بوونه‌ قوربانى و سه‌رنگوم کران و به‌ هه‌زاران که‌سى تر له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ رفێنران، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى نزیکه‌ى 360 هه‌زار که‌س ئاواره‌ى شاره‌کانى هه‌رێمى کوردستان بوون. 

خوشک و برایانى خۆشه‌ویست.

خه‌ڵکى خۆراگرى شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى دواى ئاواره‌ بوونیشیان له‌گه‌ڵ ئازارى له‌ده‌ستدانى که‌سو کار و خێزانه‌کانیان ڕوو به‌ ڕووى ژیانێکى سه‌ختى ئاواره‌یى بوونه‌وه‌ که‌ به‌هۆى گه‌رماى به‌تین و نه‌بوونى پێویستییه‌کانى ژیان و چاره‌سه‌رى پزیشکى به‌ ده‌یان ژن و منداڵ له‌ چیاى شه‌نگال گیانیان له‌ ده‌ستدا.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داعش هه‌موو رێگایه‌کى نا مرۆڤانه‌ى گرته‌ به‌ر بۆ تێکدانى دیمۆگرافیاو شوناسى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئایینى هه‌زاران ساڵه‌ى ناوچه‌که‌ و تێکوپێکدانى په‌ره‌ستگاکانیان و به‌ زۆر گۆڕینى ئایین و باوه‌ڕیان، کوشتنى به‌ کۆمه‌ڵ و ده‌یان تاوانى تر ، ئه‌م کرده‌وه‌ دڕندانانه‌ ده‌چنه‌ خانه‌ى تاوانه‌کانى دژى مرۆڤایه‌تى و جینۆساید.
 


به‌رێزان.
له‌ ماوه‌ى پێنج ساڵى رابڕدوودا، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وام بووه‌ له‌ خزمه‌تکردنى ئاواره‌کان و دابین کردنى پێداویستیه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان بۆیان.
هه‌روه‌ها له‌رێگه‌ى لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌کانى ناساندنى جینۆسایدى کوردانى ئێزیدى و پێکهاته‌کانى تر هه‌وڵه‌کانیان خسته‌ گه‌ڕ بۆ کۆکردنه‌وه‌ى داتا و به‌ڵگه‌ى پێویست له‌سه‌ر تاوانه‌کانى داعش و به‌جینۆساید ناساندنى تاوانه‌کانیان و له‌ رێگاى دامه‌زراندنى ده‌سته‌ى لێکۆلینه‌وه‌ و هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان و کۆکردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌ى تاوانه‌کان خزمه‌تێکى زۆر کراوه‌ به‌ که‌یسه‌که‌ و هه‌زاران دۆسیه‌ تۆمارکراوه‌ ، کار کردنیش له‌و دۆسیانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زاره‌تى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان به‌ ئه‌رکى سه‌ر شانى خۆى ده‌زانێت که‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستان و عێراق کار بکات بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى که‌سوکارى قوربانیه‌کان و ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ى شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى وگه‌رانه‌وه‌ى ئاواره‌کان و هه‌وڵدان بۆ دروستکردنى مۆنیۆمێنتێکى تایبه‌ت به‌ قوربانیه‌کانى کوردانى ئێزیدی.



ئاماده‌بووانى به‌ڕێز.

کاره‌ساتى شه‌نگال سه‌ره‌ڕاى تاڵى و دژوارییه‌کانی، به‌ڵام جارێکى تر هاوسۆزى گه‌لى کوردستانى دووپاتکرده‌وه‌ و بوونه‌ پشتیوانى یه‌کتر هه‌ر بۆیه‌ جێگاى خۆیه‌تى سوپاسى خه‌ڵکى به‌شه‌ره‌فى دهۆک و ده‌وروبه‌رى بکه‌ین بۆ هاوکارى کردنى براو خوشکانى ئێزدى له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌کاندا. 
جارێکى تر دروود و سڵاو بۆرۆحى قوربانیانى ده‌ستى تیرۆریستانى داعش.

ئێوه‌ش شاد و سه‌رفراز بن

4-8-2019
عبدالله‌ حاجى محمود
وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان