ئیدلب بۆمبە چێنراوەکەی سوریا

19.08.2019
جەماوەر نیوز
د.سه‌نگه‌ر سه‌یدقادر
 پارێزگای ئیدلب دەکەوێتە باکوری سوریا و  ٣٣٠ کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە، پێش شەڕی ناوخۆی سوریا دانیشتوانەکەی نزیکەی ٢٥٠ هەزار کەس بوو کە زۆرینەیان عەرەبن لەگەڵ کەمینەیەک لە کورد و دورزی و مەسیحیەکان
ساڵی ٢٠١٤ پارێزگاکە لەلایەن داعشەوە دەستی بەرسەردا گیرا، بەڵام ساڵی ٢٠١٥ بەرەی نوسرە لە شەڕێکی خوێناویدا داعشی لە پارێزگاکە دەرپەڕاندا دەستی بەسەردا گرت.
لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦- ٢١٨ بەپێی ڕێکەوتنەکانی ئەستانا و و سوشی زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئاوارە و ٣٠٠ هەزار چەکداری گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەکانی تری سوریا دەرکران و لە ئیدلب کۆکرانەوە، کەلە ئێستادا دانیشتوانەکەی لە ٢٥٠ هەزار کەسەوە گەشتوەتە  نزیکەی ٤ ملیۆن کەس
ئیدلب بۆمبە چێنراوەکەی سوریا:
 لە دوای ڕێکەوتن تورکیا و سوریا و ئێران چەکدارانی گروپە ئۆپۆسیۆنەکان لە تەواوی سوریاوە لە ئیدلب کۆکرانەوە و بە پێی ڕێکەوتنامەی ئەستانا و سوشی ئیدلب وەک ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا  دەستنیاشان کرا کە سوریا و ڕوسیا هێرشیان نەکردە کردەسەری ،بەڵام دوای دەستگرتن بەسەر ناوچەکانی دیکەی سوریادا سوپای ئەسەد لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بە هاوکاری ڕوسیا ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی  پارێزگای ئیدلبی دەستپێکرد وەک کۆتا پێگەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، چونکە سوریا و ڕوسیا ئیدلب وەک بۆمبێکی چێنراو دەبینن کە مەترسیە بۆ سەر ئایندەی سوریا بە هۆی ئەوەی سەدان هەزار چەکداری توند ڕەوی ئیسلامی تێدا کۆکراوەتەوە.
کێ دەستی بەسەر ئیدلبدا گرتوە؟
لە دوای ساڵی ٢٠١٥ بەرەی نوسرەی باڵی قاعیدە لە سوریا بە هاوکاری تورکیا و قەتەر دەستی بەسەر سەدا ٨٠% پارێزگای ئیدلبدا گرتوە ، جگە لە بەرەی نوسرە زیاتر لە ٥٣ گروپ و ڕێکخراوی چەکداری لە پارێزگای ئیدلب بوونیان هەیە کە هەموویان لە ژێر چەتری بەرەی نوسرەدا و لە ژێرناوی (هیئە تحریر شام) کۆبونەتەوە.
داعشیش وەک هیزێکی بچوک دەستی بەسەر بەشێکی پارێزگاکەدا گرتوە کەلە ڕێکەوتنێکی ئاگربەستی ڕانەگەیەنراودا لەگەڵ بەرەی نوسرە و بە نیوەند گیری قەتەر هەردوولا پەیمانی هێرش نەکردنە سەر یەکیان ئیمزاکردوە.
پشتیوانانی بەرەی نوسرە کێن؟
 بەرەی نوسرە لە ئێستادا بەهیزترین گروپی چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سوریایە زیاتر لە ١٨٠ هەزار چەکداری سوری و بیانی هەیە و لەلایەن تورکیا و قەتەرەوە پشتیوانی دەکرێن.
ئەمەریکاش بەناڕاستەوخۆ پشتیوانی ئەم هێزەی کردووە، چونکە وەک کارتێکی فشاری بەهێز دەتوانرێت دژی ڕوسیا و چین و ئێران و بەشار ئەسەد بەکار بهێنرێت.
هەروەها ئەمەریکا دەتوانێت بەرەی نوسرە وەک کارتی تێکدانی پەیوەندیەکانی ڕوسیا و تورکیا بەکار بهێنرێت، لە هەمان کاتدا کۆکردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی چەکداری توندڕەووی ئیسلامی لە جێگایەکدا مەترسی سەر هێز و نفوزی ئەمەریکا لە سوریا کەم دەکاتەوە و سوریا و ڕوسیاش بە کێشەکەیانەوە سەرقاڵ دەکات بۆ ئەوەی نەیان پەرژێتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان.
نەک بەتەنیا ڕوسیا و تورکیا بەڵکوو بەهۆی ڕێگری ڕوسیا لە بەشداریکردنی  ئێران لە شەڕی ئیدلب دا نفوز و دەسەڵاتی ئێران لە سوریا  سنوردار کراوە و ناکۆکی کەوتوەتە نێوانیان.
چین بۆچی پشتیوانی شەڕی ئیدلب دەکات؟
 لە ئیدلب سوپای تورکمانستان کە هیزێکی چەکداری توندڕەوی ئیسلامیی هاوپەیمانی بەرەی نوسرەن و لەو چەکدارە مسوڵمانە پێکدێت کەلە هەرێمە مسوڵمانەکانی چینەوە ڕوویان له‌ سوریا کردوە و لە ئێستادا لە پارێزگای ئیدلب کۆبونەوەتەوە.
 ئەم گروپە کە زۆرینەیان لە ئیگۆرە مسوڵمانەکانی هەرێمی تورکمانستانی چین پێکهاتوون لە ماوەی شەڕی سوریادا ئەزمونێکی زۆریان پەیداکردوە و دەستیان بەچەکی پێشکەوتوو گەشتووە، چین مەترسی ئەوەی هەیە لە داهاتوودا بگەڕێنەوە چین کیشە و ئاڵۆزی بۆ دروست بکەن.
بۆیە ئیستا لە ڕێگەی هاوکاری کردنی سوپای سوریا و هێرشی راستەوخۆی فڕۆکە چینیەکانەوە دەیەوێت هەرلە پارێزگای ئیدلب ئەو گروپە چەکداریە لەناو ببات پێش ئەوەی بگەڕێنەوە چین.
نەخشەی ئێستای شەڕی ئیدلب:
سوپای بەشار ئەسەد لەدوای دەستگرتن بەسەر زۆرینەی ناوچەکانی پارێزگانی حومس و حەما و لازقیە ڕووی کردە پارێزگای ئیدلب و بەدیاری کراوی شاری خان شەیخون، چونکە ئەو شارە گەورەترین شاری پارێزگای ئیدلبە و جێگایەکی ستراتیژی هەیە و دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی  دیمەشق و حەلەب و ناوەندی بەستنەوەی پارێزگاکانی حومس و حەما و لازقیە و حەلەب و ئیدلب و دیمەشقە
لە دوای دەستبەسەراگرتنی بەشێکی زۆر گوندەکانی باشور و ڕۆژئاوای ئیدلب ئەمشەو سوپای سوریا بەهاوکاری چین و ڕوسیا گەشتە ناو شاری خان شەیخون دەستی بەسەر بەشێکی شارەکەدا گرت.
لەبەرامبەردا سوپای تورکیا هێز و چەک پێداویستی سەربازی بۆ هاوکاری بەرەی نوسرە ڕەوانە کرد، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەک هۆشداری دانێک بۆ تورکیا فڕۆکەکانی ڕوسیا هێزێکی سەربازی تورکیا کەلە ٢٥ ئۆتۆمبیلی سەربازی پێکهاتبوو بەرە و خان شەیخون بەڕێگاوە بوون بۆردوومان کرد.
هەروەها وەزارەتی دەرەوە و بەرگری سوریا ناردنی هێزی تورکیان بۆ خان شەیخون ئیدانە کردوو ئەو کارەیان بەداگیرکاری ناوبرد و ڕایان گەیاند کە هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگری لە پێشڕەوەی سوپای سوریا بکات و دەبێت تورکیا بەرپرسیارێتی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو هەڵبگرێت کە ڕووبدات، بەهۆی هاوکاریەکانی تورکیاوە بۆ بەرەی نوسرە پێشڕەویەکانی سوپای سوریا لە خان شەیخون ڕاگیراوە و تاکاتی نوسینی ئەم شیکاریە شەڕ بەردەوامە.