کۆمه‌ڵه‌ى کێلگه‌ په‌له‌وه‌ڕییه‌کان هۆکارى گرانبوونى نرخى مریشک ئاشکرا ده‌کات

22.08.2019
جەماوەر نیوز

کۆمه‌ڵه‌ى کێلگه‌ په‌له‌وه‌ڕییه‌کانى کوردستان/ لقى سلێمانى له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا  هۆکارى گرانبوونى نرخى مریشک ئاشکرا ده‌کات.

 له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا کۆمه‌ڵه‌ى کێلگه‌ په‌له‌وه‌ڕییه‌کانى کوردستان/ لقى سلێمانى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ رایانگه‌یاندووه‌،   ئێمه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ى کێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کان له‌هه‌رێمى کوردستان که‌ له‌ئێستادا نوێنه‌رایه‌تى خاوه‌ن کێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کانى سنورى پارێزگاى سلێمانى ده‌که‌ین توانیومانه‌ به‌رهه‌م هێنانى مریشکى زندوو له‌ ناوخۆدا به‌ته‌واوه‌تى بازاڕه‌کانى پێ پڕبکه‌ینه‌وه‌ له‌خواستى بازاێ‌ زیاتربێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌ده‌ن، ده‌مانه‌وێت له‌ڕێگه‌ى ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌وه‌ هه‌موو لایه‌ک له‌وه‌ ئاگاداربکه‌ینه‌وه‌ که‌ هۆکارى گرانبونى نرخى مریشک په‌یوه‌سته‌ به‌ نه‌بونى به‌رهه‌م له‌ ناو کێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کان به‌هۆى به‌رده‌وامى زیانى خاوه‌ن کێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کان که‌وازیان هێناوه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنان.

 ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى :


به‌یاننامه‌ى کۆمه‌ڵه‌ى کێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کان 

بابه‌ت/ هۆکارى گرانبونى نرخى مریشک

ئێمه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ى کێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کان له‌هه‌رێمى کوردستان که‌ له‌ئێستادا نوێنه‌رایه‌تى خاوه‌ن کێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کانى سنورى پارێزگاى سلێمانى ده‌که‌ین توانیومانه‌ به‌رهه‌م هێنانى مریشکى زندوو له‌ ناوخۆدا به‌ته‌واوه‌تى بازاڕه‌کانى پێ پڕبکه‌ینه‌وه‌ له‌خواستى بازاێ‌ زیاتربێت.

ده‌مانه‌وێت له‌ڕێگه‌ى ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌وه‌ هه‌موو لایه‌ک له‌وه‌ ئاگاداربکه‌ینه‌وه‌ که‌ هۆکارى گرانبونى نرخى مریشک په‌یوه‌سته‌ به‌ نه‌بونى به‌رهه‌م له‌ ناو کێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کان به‌هۆى به‌رده‌وامى زیانى خاوه‌ن کێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کان که‌وازیان هێناوه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنان.

لێره‌وه‌ پێتان ڕاده‌گه‌یه‌نین هۆکارى سه‌ره‌کى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ٪‏٤٥ هۆڵى کێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کان له‌لایه‌ن خاوه‌نه‌کانیان داخراوه‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆکارى ئه‌و زیانه‌ زۆره‌ى به‌ریان که‌وتووه‌ و حکومه‌ت پشتیوانیان نه‌بووه‌، وه‌ له‌ ٪‏٢٥ خاوه‌ن هۆڵه‌کان جوچکیان ده‌ست ناکه‌وێت تا بیخه‌نه‌ ناو هۆڵه‌کان وه‌ خاوه‌ن مه‌فقه‌سه‌کان ده‌ڵێن تا ٢٥ ڕۆژ ناتوانن جوچک بۆ خاوه‌ن هۆڵه‌کان دابین بکه‌ن وه‌ نرخى جوچک بۆ ١٥ سه‌نت به‌رز بۆته‌وه‌.

بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ ڕێگه‌ى ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌وه‌ داواکارین له‌ ته‌واوى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ناومان هێناون ئه‌م داواکاریانه‌مان جێ به‌جێبکه‌ن تا چیتر خاوه‌ن کێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کان زیانیان به‌ر نه‌که‌وێت و هاووڵاتیانیش بێ به‌ش نه‌بن له‌ مریشکى زندوو.

١- دیاریکردنى نرخ ، حکومه‌تى هه‌رێم لیژنه‌یه‌ک دروستبکات بڕو تێچوى مریشک دیاریبکات له‌به‌رهه‌م هێناندا پاشان نوسینگه‌ى تایبه‌ت دروستبکرێت و حکومه‌ت خۆى مریشکه‌که‌ بکڕێته‌وه‌ و دواتر به‌ فرۆشیارانى بازاڕى بدات و یه‌ک نرخ دیاریبکرێت که‌ ئه‌مه‌ باشترین هاندانه‌ بۆ خاوه‌ن کێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کان و هاووڵاتیان.

٢- قه‌ده‌غه‌کردنى مریشکى به‌ستوو

٣- هه‌رزانکردنى عه‌له‌ف و ئازادکردنى هاورده‌کردنى له‌ووڵاتانه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى تێچوى مریشک هه‌رزانتربکه‌وێت له‌سه‌ر خاوه‌ن کێڵگه‌کان و به‌هه‌رزانیش بگات به‌ده‌ست هاووڵاتیان.

٤- دانانى لیژنه‌ى چاودێرى له‌سه‌ر هاورده‌کارانى عه‌له‌ف و ده‌رمان.

٥- پشتیوانیکردن و بازارکردنه‌وه‌ بۆ به‌رهه‌مى ناوخۆی.

هیوادارین هه‌موو لایه‌ک هاوکارمانبن له‌سه‌رخستنى که‌رتى په‌لوه‌رى له‌ هه‌رێمى کوردستاندا.

کۆمه‌ڵه‌ى کێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کانى کوردستان/ سلێمانی