كورد به‌ یه‌ك لیست له‌ كه‌ركوك به‌شدار له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كات

09.09.2019
جەماوەر نیوز
حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک بڕیاریاندا بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن و ناوی لیستەکەشیان "کەرکووک کوردستانییە".
ئه‌مرۆ دوو شه‌ممه‌ 9ی ئه‌یلول حزبه‌ كوردستانیه‌كان له‌ كه‌ركوك لەسەر ئاستی باڵا كۆبونه‌وه‌  ئامانج لێی تاوتوێکردنی دروستکردنی لیستی هاوبەش بوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک. 
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەش لایەنە کوردستانییەکان لەسەر ناوی لیستی "کەرکوک کوردستانییە" بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رێککەوتن.
دوای کۆبوونەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامه‌وانیدا شێخ سدیق ئەحمەد، بەرپرسی کۆمیتەی پارێزگای کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان، راگەیێندراوی هاوبەشی لایەنە کوردستانییەکانی خوێندەوە رایگەیاند کە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون، لەوانە:
1. سەرجەم حزبە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە بڕیاریاندا لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بە یەک لیستی هاوبەش بەشداری بکەن بەناوی لیستی "کەرکوک کوردستانییە.
2. داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەین لە نزیکترین دەرفەتدا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامبدات و کاندیدی لیستی برایەتی وەک پارێزگاری کەرکوک ناوزەد بکات.
3. بەردەوامی بە کۆبوونەوەکان دەدەین لەگەڵ یونامی بۆ پاڵپشتی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک.
4. داوا لە هاونیشتمانیانی کەرکووک دەکەین، بە تایبەت کوردستانیان کە سەردانی ناوەندەکانی تۆماری بایۆمەتری بکەن و کارتی دەنگدان دەربکەن.
5. داوا لە سەرکردایەتی حیزبە کوردستانییەکان دەکەین کۆبوونەوەی لووتکە بکەن بۆ پاڵپشتی ئەو بڕیارە گرنگەی ئێمە.
6. جارێکی دیکە جەختکرایەوە لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
7. لەسەرووی هەموو ئەو خاڵانەوە حیزبە کوردستانییەکان جەخت لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی سەرجەم پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکووک دەکەن.


زۆرترین خوێندراو