پۆلیسى دارستانى سلێمانى 4هاووڵاتى به‌ هۆکارى بیرلێدان ده‌ستگیرده‌کات

16.09.2019
جەماوەر نیوز
بیر لێدان یه‌کێکه‌ له‌و دیارده‌ ناشارستانیه‌کان و ماوه‌یه‌که‌ له‌ناو شارى سلێمانى و ده‌وروبه‌رى وه‌ک دیارده‌یه‌ک ده‌رده‌که‌وێت ، هه‌ربۆیه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان  مه‌فره‌زه‌کانیان  به‌چڕى له‌ناوشارو ده‌ره‌وه‌ى شار هه‌ڵمه‌تى ده‌ست به‌سه‌رداگرتنى ئامێره‌کانیان  ده‌ست پێ کردوه‌  و به‌بێ جیاوازى ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێت و به‌ بڕیارى به‌ڕێز دادوه‌ر لێپێچینه‌وه‌ى یاساییان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت .

له‌و باره‌یه‌وه‌ عمید هێمن کمرخان به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان وژینگه‌ى سلێمانى ڕایگه‌یاند : یه‌کێک له‌و کارانه‌ى زیان به‌ئاوى ژێر زه‌وى ده‌گه‌یه‌نێت  بیر هه‌ڵکه‌ندنه‌ ، خۆشبه‌ختانه‌ به‌هۆى ئه‌رک و ماندوو بوون و شه‌ونخونى ئه‌فسه‌رو کارمه‌ندانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان له‌سه‌رجه‌م به‌ش و بنکه‌کانمان توانراوه‌ ڕێگریه‌کى زۆر باش له‌و دیارده‌یه‌ بکرێت و سه‌رپێچیکارانه‌ش ڕووبه‌ڕوى یاسا بکرێنه‌وه‌ .

عمید  هێمن  ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد له‌ ئه‌نجامى دوو ده‌رچونى مه‌فره‌زه‌کانى بنکه‌ى (هه‌وارى شارو به‌کره‌جۆ ) بۆ گوندى مه‌لا داود و گه‌ڕه‌کى قڕگه‌ له‌ ناوشارى سلێمانى توانیان (4) هاووڵاتى ده‌ستگیربکه‌ن له‌سه‌ر دیارده‌ى بیرلێدان هاوکات توانرا  ده‌ست به‌سه‌ر (2) ئامێرى بیرهه‌ڵکه‌نداندا بگیرێت  .

په‌ڕاوى لێکۆڵینه‌وه‌ بۆ ده‌ستگیرکراوه‌که‌  کرایه‌وه‌ و  ڕووبه‌ڕوى یاساکــراوه‌ته‌وه‌ .