مه‌سرور بارزانی: پێویسته‌ دادپه‌روه‌رى له‌ خه‌رجکردنى داهات بۆ ناوچه‌کانى هه‌رێمى کوردستان هه‌بێت

16.09.2019
جەماوەر نیوز
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌  16 ى ئه‌یلولى 2019، به‌رێز مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌رپه‌رشتى کۆبووه‌نه‌وه‌ى لیژنه‌ى کۆکردنه‌وه‌ى داهاته‌کانى کرد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیش ئاماده‌ى بوو. سه‌رۆکى حکومه‌ت ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد که‌ پێویسته‌ حکومه‌ت کار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بکات هاوسه‌نگى هه‌بێت له‌نێوان داهات و خه‌رجییه‌کان به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى وهاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان بێت. جه‌ختیشى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێ دادپه‌روه‌رى له‌ خه‌رجکردنى داهات بۆ ناوچه‌کانى هه‌رێمى کوردستان هه‌بێت. گوتیشى کارو ئه‌رکى ئێمه‌ به‌رگریکردنه‌ له‌ مافى هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ى کۆکردنه‌وه‌ى داهاته‌کان و رێکخستنه‌وه‌ى باج و گومرگه‌کان و کاراکردنى سیسته‌مى بانکى له‌ هه‌رێمى کوردستان کرا.

له‌ کۆتاییدا سه‌رۆکى حکومه‌ت جه‌ختى له‌ سه‌ر دابینکردنى نه‌وتى سپى بۆ هاووڵاتیان کرده‌وه‌ پێش هاتنى وه‌رزى زستان.