یانه‌ی جیهان به‌ 10 ملیۆن دینار سزادرا

18.09.2019
جەماوەر نیوز
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2019/9/18 به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆك و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانى، یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نائاسایی ئه‌نجامدا و، ئه‌م بڕیار و راسپاردانه‌ى سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كانى دوا گه‌ڕى خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى تۆپی پێی كوردستان ده‌ركرد:
دواى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى ورد له‌ لایه‌ن لێژنه‌یه‌ى پێكهێنراوى یه‌كێتییه‌كه‌مان، سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كانى دوا گه‌ڕى خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان بۆ وه‌رزى 2018/2019، هه‌روه‌ها دانیشتن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى هه‌ر چوار یانه‌ى (زاخۆ، پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى، ئاشتى و جیهان) و، یاریزانانى تیپى تازه‌پێگه‌یشتووانى یانه‌ى جیهان و، سه‌رپه‌رشتیار و ده‌سته‌ى ناوبژیوانانى هه‌ردوو یارى نێوان (جیهان × پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى) و (ئاشتى × زاخۆ)، له‌به‌ر چه‌سپاندنى دادپه‌روه‌رى و پارستنى گیانى وه‌رزشى و پیرۆزى تۆپی پێی كوردستان، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئامانجى یه‌كێتییه‌كه‌مان له‌ كردنه‌وه‌ى خوله‌كانى تازه‌پێگه‌یشتووان و لاوانى یانه‌كانى كوردستان، ته‌نیا بۆ پێگه‌یاندنى یاریزانانه‌ نه‌ك ئه‌نجام، بڕیاردرا به‌:
1- هه‌ژمار نه‌كردنى ئه‌نجامى سه‌رجه‌م یارییه‌كانى خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى تۆپی پێی كوردستان بۆ وه‌رزى 2018/2019.
2- دوورخستنه‌وه‌ى تیپه‌كانى یانه‌ى وه‌رزشى جیهان و سڕكردنیان له‌ سه‌رجه‌م چالاكییه‌كانى یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان بۆ ماوه‌ى دوو وه‌رز، 2019/2020 و 2020/2021، ئه‌مه‌یش به‌ هۆى بوونى به‌ڵگه‌ى پێویست و حاشاهه‌ڵنه‌گر له‌سه‌ر ئه‌نجامى یارى نێوان (جیهان و پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى).
3- غەرامەکردنی یانەی جیهان بە بڕی 10000000 دە ملیۆن دینار.
4- لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامى ده‌بێت و به‌ كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌، بۆ بنڕكردنى سه‌رجه‌م كاره‌ ناوه‌رزشییه‌كان و، سزادانى توندى هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌ستیان له‌م كاره‌ قێزه‌ونه‌ و له‌كه‌داركردنى تۆپی پێی كوردستان هه‌بووه‌.