یۆنان نزیکه‌ 10 هه‌زار کۆچبه‌ر بۆ تورکیا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

30.09.2019
جەماوەر نیوز
حکومه‌تى یۆنان بڕیارى دا هه‌تا ساڵى 2020 نزیکه‌ى 10 هه‌زار کۆچبه‌رى نایاسایى ڕه‌وانه‌ى تورکیا بکاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ى ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌ ئاگر له‌ نێو که‌مپـێکى کۆچبه‌ران که‌وته‌وه‌ و بووه‌ هۆى گیان له‌ده‌ستدانى ژنێک و برینداربوونى 17 که‌سى دیکه‌.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى یۆنان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کى ئه‌نجام دا به‌ سه‌رۆکایه‌تى سه‌رۆک وه‌زیر کریاکۆس میتسۆتاکیس.

پاش کۆبوونه‌وه‌که‌ ئه‌نجومه‌نه‌که‌ ڕاگه‌یاندنێکى بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا نووسیویه‌تى حکومه‌تى سه‌رۆک وه‌زیرى پـێشوو له‌ ماوه‌ى 4 ساڵ و نیو 1805 کۆچبه‌رى گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام حکومه‌تى نوێ هه‌تا ساڵى 2020 نزیکه‌ى 10 هه‌زار کۆچبه‌ر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

دوێنێ یه‌کشه‌ممه‌ ئاگرێک که‌وته‌وه‌ له‌ که‌مپى مۆریاى کۆچبه‌ران له‌ دورگه‌ى لیسبۆس و به‌پـێى شاهیدحاڵه‌کان دواى نزیکه‌ى 20 خوله‌ک کارمه‌ندانى ئاگرکوژێنه‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنه‌که‌، بۆیه‌ ئاگره‌که‌ ته‌شه‌نه‌ى کردووه‌. کۆچبه‌رانى که‌مپه‌که‌ش ناڕه‌زایـیان ده‌ربڕیوه‌ و گرژى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌.



ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا